خەندان سۆران کەریم
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ئاشکرای دەکات، ساڵانە حکومەتی هەرێم بڕی شەش ملیار دۆلاری لە مەرزەکان دەستدەکەوێت، ڕاشیدەگەیەنێت، تائێستا ئه و پارەیە ڕادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت نەکراوە و نازانرێت دەست کێ دەکەوێت.
ئەمین هادی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر کوتلەی ئیئتلایفی دەوڵەتی یاسا، بە خەندانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئه و زانیارییانەی کۆکراونەتەوە و پێمانگەیشتووە، ساڵانە حکومەتی هەرێم بڕی نزیکەی شەش ملیار دۆلار لە داهاتی مەرزە سنوورییەکان دەست دەکەوێت".
ئاماژەی بەوەشدا،کە ئه و پارەیە ڕەوانەی خەزێنەی گشتی ناکرێت، وەکچۆن لە مەرزە سنوورییەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەکرێت، وتیشی: "جگە لەوەش چەند مەرزێکی نافەرمی هەیە، کە بەهیچ شێوەیەک داهاتەکەی ئەژمار ناکرێت، تەنانەت داهاتی مەرزە فەرمییەکانیش زۆر بەکەمی ئەژمار دەکرێت".
ئه و پەرلەمانتارەی کوتلەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ئەوەشی خستەڕوو، کە چەندینجار دیوانی چاودێری دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرک سەردانی هەرێم دەکەن، بەڵام ناگەنە ئەنجام و حسابی کۆتایی ناکرێت.
ئەمین هادی، داوای دەکرد هاوڵاتیانی هەرێم خۆپیشاندانێک بکەن و داوا بکەن داهاتی مەرزەکان بەشێوەیەکی شەفافنە بخرێتەڕوو، وتیشی: "تائێستا داهاتی مەرزەکان نەخراوەتە خەزێنەی گشتییەوە، ناشزانرێت پارەکە بۆ کییە".
- 09-03-2014