جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
دانیشتوانی سەربەرزی شاری هەولێر
کەس وکاری شەهیدە نەمرەکان
23 ساڵ بەرلە ئێستا لەدرێژەی هەڵمەتەکانی ڕۆژانی ڕاپەرین و ڕزگارکردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان، لە ڕووداوێکی مێژوویی و گرنگ لە ڕۆژی 11-03-1991 دا خەڵکی سەربەرزی شاری هەولێر بە کورد و تورکمان و کلدانی و سریانی ئاشوری و هەموو چین و توێژەکانیەوە، شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرامبەری ڕژێمی دیکتاتۆری درندەیی بەعسی هاتنە دەنگ و تێکرا هاواریان کرد نا بۆ چەوساندنەوەو توندوو تیژی بەعس، بەڵێ بۆ ئازادی و چەسپاندنی حوکمی گەل. خۆشبەختانە لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس کەوتنە دەست خەڵکی ستەم لێکراوی شاری هەولێر.
دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هیچ ڕێگایەکی نامرۆڤانەو دوور لە بەهای ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەما کە بۆ کپ کردنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەیگرنەبەرو ڕۆژ بەرۆژ پرۆژەو پیلانی تازەیان دادەرشت، بۆ بەکۆمەڵ کوشتن لە شێوەی ڕاگواستن و ئەنفال و جینۆ ساید کردن، تابە هۆیەوە گەلی کوردستان لە ناو بەرن.
بەڵام یەک ڕیزی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان و گیانی لەخۆ بووردەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئیرادەی لەبن نەهاتووی جەماوەری کوردستان سات لە دوای سات بۆ بەرگریی کردن لە خاک و نیشتیمان بەهێز ترو بەگورتر دەبوو.
جێگەی ئاماژە پێکردنە ئەو سەرکەوتنە مەزنەی خەڵکی ڕاپەریوی شاری هەولێر هاوکات بوو لەگەڵ یادی ڕێککەوتن نامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) دانبنێت بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان.
ئێمە لێرەدا کە یادی سەرکەوتنەکانی ڕاپەرین و ڕزگاری کوردستان بە کەرکووکی خۆشەویستی شەوە دەکەینەوە پربە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان بە گشتی و شاری قەڵاو منارە بە تایبەتی دەکەین و سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنوێنین وە سڵاوی خۆراگریش بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێرین.
ئەمرۆ لەکاتێکدا یادی ئەو ڕاپەرینە مەزنە دەکەینەوە، ئێمە وەکو کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی کوردستان لە پارێزگای هەولێر دەرهەق بەم بارودۆخە تازەیەی کوردستان و ناوچەکە بە پێویستی دەزانین هەڵوێستمان لەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو.
1- پاڵپشت و داواکاری خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتییانەو داد پەروەرانە بەبێ دەست وەردان لەکاری سیاسی لایەنەسیاسیەکانی ئەو پارتانە.
2- ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەرێت و هە وڵ و هیم مەتمان بۆ زیاتر بەرقەرار کردنی بێت تاگەیشتن بە ئاواتی گەلەکەمان و بریاردانی لە چارەنوسی خۆیدا.
3- ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لە دۆخێکی نا لەباردان داواکارین چارەسەری بنەرەتی دۆخی ئەو ناوچانە بکرێت بەپێی مافە دەستوریەکان لە عێراق و جێ بەجێ کردنی مادەی (140).
4- هەوڵی زیاتر چەسپاندنی ئامانجەکانی ڕاپەرین بدرێت لە پتر فراوانکردنی پانتای دیموکراسی و دابین کردنی ئازادی و نەهێشتنی جیاکاری و پەیرەوکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جەخت کردنەوە لە بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەروو بونەوەی گەندەلی.
5- داوا دەکەین پەلە بکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە براوەکان دەکەین چیتر هاوڵاتیان لەدۆخی چاوەروانی نەهێڵنەوە .
6- داوا لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراق و حکومەتی فیدراڵ دەکەین کە هەڵوێستیان بەرامبەر سیاسەتی تاکرەوانەی حکومەتی فیدراڵ هەبێت وەبە ئەرکی بەرپرسیارەتی خۆیان هەڵسن.
7- بریار لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بریاری دەستە جەمعی هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
ناوی حزب و لایەنە بەشدار بووانی ئەم کۆبوونەوە یە ئەمانەی خوارەوەن.
1- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.مەڵبەندی دوو
2- پارتی سەربەخۆی کوردستان.
3- دەستەی سەرۆکایەتی حزبی ڕزگاری کوردستان.
4- پارتی کۆماری کوردستان.
5- کۆمەڵەی لیبرالی تورکمان.
6- پارتی دیموکراتی تورکمان.
7- کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.مەڵبەندی (3)
8- حزبی ئایندەی کوردستان.لقی هەولێر
9- حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان.مەڵبەندی هەولێر
10- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان.هەرێمی هەولێر
11- بزووتنەوەی تورکمانی بێ لایەن.
12- ئەنجوومەنی کلدانی سریانی ئاشوری. لقی هەولێر
13- حزبی بیت النهرین دیموکرات.لقی هەولێر
14- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان. کۆمیتەی سەرکردایەتی هەولێر.
15- بەرەی تورکمانی عیراقی. لقی هەولێر
16- بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوری. لقی هەولێر
17- حزبی ڕزگاری کوردستان. کۆمیتەی پارێزگای هەولێر
18- بزووتنەوەی گۆران. هەولێر
19- پارتی سەربەخۆی کوردستان.
20- بزووتنەوەی چاکسازی تورکمان. هەولێر
21- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ز ناوەندی هەولێر
22- پارتی یەکگرتووی تورکمان. لقی هەولێر
23- پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان. ناوەندی هەولێر
24- بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان ز
25- ئۆجاغی برایەتی تورکمان قارداش لق.
26- بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان.مەڵبەندی (3)
27- پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمان.
28- گردبوونەوەی نیشتیمانی تورکمان.
29- حزبی شیوعی کوردستان. کۆمیتەی پارێزگای هەولێر
30- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.مەڵبەندی (3)
31- پارتی دیموکراتی کوردستان. لقی دوو.
32- کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تورکمان.
33- ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدان.