ئەمڕۆ 12ی ئازاری 2014 تیمی کەنالی (ئێن ئاڕ تی) لەکاتی ڕومالکردنی کۆنفراسێک لەبارەی ڕەوشی ژنان، لەلایەن وەزیری ناوخۆو بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، هێرشیان کراوەتە سەرو کامێراکەیان شکێنراوە، دواتریش هەڕەشە لەپەیامنێرەکە کراوە، کە ئەمەش ئه و پەڕی بێرێزیکردنە بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان و تاکی ئەم وڵاتە، ئەگەر بەرامبەر پرسیارێک سوکایەتی و هەڕەشە لەرۆژنامەنوس بکەن ئەی دەبێت ئه و وەزیرو بەرێوەبەرە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئه و کەسانە بکەن کە حوکمیان بەسەردا دەکەن؟.
ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە: دەبێت ڕەوشی ئازادی لەم وڵاتە چۆن بێت کە بەردەوام سەرکردەکان شانازی بە ئازادی و دیموکراسی بوونی وڵات دەکەن?! ئایا ئازادی و دیموکراسی لەلای ئەوان تێکشکاندنی شکۆی ڕۆژنامەنوس و مرۆڤەکانە، یاخود ڕۆژنامەنوس ئەگەر پرسیار بکات وەک تیرۆرست سەیری دەکەن، سەلماندتان ئەوەی دەیڵێن بۆتە وێردی سەر زمانتان بۆ پەردەپۆشکردنی داپلۆسین و سەرکوتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پەلاماردان و هەڕەشه و شکاندنی کامێرای تیمی کەنالی (ئێن ئاڕ تی) لەلایەن وەزیری ناوخۆ (کەریم سنجاری) و (حاکم تاریق گەردی) بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەی سەلماند کە ئازادی لەم وڵاتە تەنها بەناو بوونی هەیە، وەک ئه و ئازادیەی لەکاتی حوکمڕانی حزبی بەعس باسی لێوە دەکرا.
لێرەوە وەک ڕێکخراوی زار بۆ بەرگری لەئازادییەکان داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین کە بەرامبەر ئەم پێشێڵکاری و بێرێزییەی وەزیری ناوخۆ و بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت بەتایبەتی پەرلەمانی کوردستان و لێژنەی مافی مرۆڤ و ناوخۆو سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەلی مەدنی و ڕۆژنامەنوسان، بۆ ئەوەی چیتر لەلایەن کەسانی خاوەن پله و پۆستی حیزبی و حکومی پێشێڵکاری بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان و تاکی ئەم وڵاتە نەکرێت.
ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەفعلی دەڵێن ئازادی و دادپەروەری هەیە، با لێپێچینەوە بکرێت لەوەزیری ناوخۆو ئه و بەرێوەبەرە لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بیسەڵمێنن یاسا و سزادان بۆ هەموانە.
رێکخراوی زار بۆ بەرگری لەئازادییەکان
12ی ئازاری 2014