بە پێی ئامارێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا 240 ژن کوژراون. چالاکوانێکی بواری ژنانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە لە هەندێ کەیسدا هەبووە، بکوژ وتویەتی لەسەر شەرەف ئافرەتێکی کوشتووە، کەچی لەسەر کێشەی تر بووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، تەنها لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا 240 ژن لەهەرێمی کوردستان کوژراون.
لای خۆیەوە، موقەدەم لەمیعە محەمەد بەرێوبەری بەڕیوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی کوردستان لە گەرمیان لەو بارەییەوە بە خەندانی ڕاگەیاند" بەداخەوە کەلتوری ئێمە، هێشتا گیانی تۆڵەکردنەوە لە گیانماندا ماوە، دەبینین کاتێک کچێک کوڕێکی خۆشدەوێت، کەسوکارەکەی پەنا بۆ کوشتنی دەبەن، یاخود هەندێک جار لە پێناو ئەوەی پیاوێک لە ژنەکەی جیابێتەوە تۆمەتی ئەخلاقی دەداتە پاڵ تاوەکو تۆڵەی خۆی لێبکاتەوە".
وتیشی، پێویستە لە ناو خێزانەکاندا هۆشیاری هەبێت بەوەی ئەگەر کچێک حەز لە کوڕێک دەکات، ئەو کچە دابنرێت تاوەکو تێبگەێنرێت ئەو پەیوەندییە سود چیە و زیانی کامەیە.
موقەدەم لەمیعە جەختیشی لەوەکردووە، ئەگەر هەر پیاوێک باس لە وە دەکات ژنەکەی خیانەتی کردووە و ئەگەر بە پێی بەڵگە بێت، ئەوا دەتوانێت سکاڵای لێبکات و لە دادگا ئەو ژنە سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
نەجیبە مەحمود ژنە ڕاگەیاندکار و چالاکوانی بواری ژنان سەبارەت بە ژن کوشتن بە خەندانی ڕاگەیاند" جێگەی داخە کەلتوری ئێمە هێشتا بیر لە ژن کوشتن دەکەنەوە، چونکە شەرەفی ژن تەنها جەستەی نییە، بەڵکو ڕاستگۆی و پاکیەتی بەرامبەر دەوربەر".
وتیشی"یاسای هەرێمی کوردستان پاڵپشتی کوشتنی ژنن، چونکە زۆر جار دەبینین تاوانباران یاخود بکوژانی ژن ئازاد دەکرێن، یاخود با بڵێن زۆر کەیس هەبووە کە برایەک لەگەڵ خوشکەکەی یان مێردێک لە ژنەکەیدا لەسەر مەسەلەی لایەنی ئابوری بووە، ژنە یاخود کچە کوژراو و دواتر وتویەتی لەسەر مەسەلەی شەرەف کوشتوومە، بۆیە دەبێت لە ڕێگەی یاساوە سنورێک بۆ ژن کوشتن دابنرێت."
- 14-03-2014