خەندان- سۆران کەریم
لە ئەنجامی کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی کەلار_ سلێمانی، چەندین پارچە شوێنەواری مێژووی دەرکەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان تیمیکی ڕەوانەی شوێنەکە کرد و چەندین پارچە شوێنەواریان دەرکرد.
ساڵح محەمەد سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، لە لێدوانێکیدا بۆ خەندان، ڕایگەیاند:لە ناوچەی گەرمیان چەندین پارچە شوێنەوارمان دۆزییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئاگادار دەکرێتەوە لە دەرکەوتی کۆمەڵێک پارچە گۆزە، کە لە ئەنجامی کارکردن لە پڕۆژەی جووت سایدی کەلار- سلێمانی لە نزیک گوندی (بەردەسووری سەروو دەرکەوتن، تیمێکمان ڕەوانەی شوێنەکە کرد.
جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، وتیشی: تیمەکەمان دەستی بە کارکردن کرد، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک پاشماوەی شوێنەواری کۆن دەرکەوتن، لەوانە چەند گۆزەیەک کە گۆزەیەکیان نەخشی هێڵداری لەسەرە هەروەها سەرە تیرێک، لەگەڵ چەند مووروویەکی جوانکاری.
ئەوەشی خستەڕوو، کە بە شێوەیەکی گشتی پاشماوەکان لەژێر تاوێرەبەردا دانرابوون و هەروەها هەندێ ئێسک و پروسک لەکاتی کارکردندا دەرکەوتن کە پێدەچێت پاشماوەی گۆڕستانێک پیشان بدات لەو شوێنە.
ساڵح محەمەد سەمین، وتیشی: بەڵام بەهۆی پشووی چەژنی نەورۆزەوە کارکردنمان لە شوێنەکەدا وەستاند.
سەبارەت بە مێژووی شوێنەوارەکان، ئەو بەرپرسەی شوێنەواری گەرمیان، وتی: هێشتا بۆمان دەرنەکەوتووە مێژووەکەیان بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی شێوزای گۆزەکان و جۆری ناشتنی مردووەکان و پاشماوەکانی تر دەتوانین سەردەمە مێژووییەکەی لە داهاتوودا دیاری بکەین.
-19-03-2014