بەمەبەستی بەرگرتن لە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و ئالیەتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشیەکە، ئەمڕۆ سێشەمە (25-3-2014) د.رێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی بە ئامادەبونی بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری هەر دوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسیف کۆبووە.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا باس لەرەوشی تەندروستی منداڵانی کوردستان کرا بەتایبەت ئه و هەڵمەتانەی بۆبەرگرتن لە نەخۆشیە گوازراوەکان بەڕێوەدەچێت لەگەڵ دانانی ئالیەتی سەرخستنی پلانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاووتوێی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان ئامادەبون کرا بەتایبەت بۆبەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری دایکان و باوکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان، بۆئەمەش وەزیری تەندروستی داوای لە ئامادەبوان کرد بەدڵسۆزیەوە کاربکەن بۆئەوەی کۆنترۆڵی ئه و نەخۆشیە بکرێت کەماوەی زیاتر لە 14 ساڵە لە عیراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
وتیشی: "بەپێویستی دەزانین تەواوی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ بکوترێن کە خۆشبەختانە لە هەڵمەتی ڕابردوو 97%ی منداڵان دژی نەخۆشی ئیفلیجی کوتراون و بڕیارە لە #06-04-2014# هەڵمەتی دووەم بەڕێوەبچێت".
له و چوارچێوەیەشدا د.رێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، گومان دەکرێت کە یەک حاڵەتی ئیفلیجی منداڵان لەشاری بەغدا تۆمارکرابێت، وتیشی لە ئێستادا تەواوی ئامادەکارییەکان کراوە بۆ چۆنیەتی بەرگرتن له و نەخۆشیە لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا زیاتر لە 250 هەزار منداڵ لە خۆرئاوای کوردستان ڕوویان لە هەرێم کردوە لەگەڵ هاتنی زیاتر لە 35 هەزار خێزانی باشوور و ناوەراستی عیراق، هەروەها د.رێکەوت حەمە ڕەشید داوای له و کەسانەکرد کە تائێستا کارتی کوتانی منداڵانیان نیە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن بەمەبەستی دروست کردنی کارتی کوتان و دڵنیا بوون لە تەندروستی منداڵەکانیان.
هەر لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەر دوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسێف کرا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆکۆنترۆڵکردنی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و بەرگرتن لێی لەگەڵ بڵاوکردنەوی هۆشیاری و ڕۆشنبیری تەندروستی بۆدایکان و باوکان.
- 25-03-2014