حزبی ڕزگاریی کوردستان RPK، حزبێکی نیشتمانی دیموکراتی پێشکەوتنخوازە، درێژەپێدەری پارتی گەلی کوردستانە کە 26-7-1981 دامەزرابوو.حزبی ڕزگاریی کوردستان، حزبێکی نیشتمانی دیموکراتی پێشکەوتنخوازە، خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی بەیەکەوە گرێدەدات و لەژیر ڕۆشنایی فەلسەفەی سۆسیالیزم و یەکسانیخوازیدا هەنگاو هەڵدەگرێتەوە، هاوکات پەیڕەوی لە دیموکراسی و سۆسیالیزم دەکات.لە پێناو کوردستانیکی سەربەخۆ ۆ گەلیکی بەختیاردا دامەزراوە، خەبات بۆ نیشتمانێکی سەربەخۆ، کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و جیهانێکی باش دەکات. بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی کوردستان دروشمی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی بەرزکردۆتەوە، پێیوایە کە دەبی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی دایالۆگ و دانوستاندن چارەسەر بکرێن. باوەڕی بە خەباتی ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندن و دیبلۆماسی و کاری جەماوەری هەیە و خەباتی چەکداری و میلیشیای حزبی ڕەت دەکاتەوە.
حزبی ڕزگاریی کوردستان یەکەمین ڕاگەیاندنی خۆی لە 15-8-1993 بڵاوکردۆتەوە،حزبی ڕزگاریی کوردستان یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ژێر ناوی بەرەو ڕزگاری و سەرخۆبوون لە پازدە هەتا هەژدەی مانگی یازدەی ساڵی هەزارو نۆسەدو نۆهەت و پێنج لە شاری هەولێر پێکهێنا، هەروەها لە 24-6-1995 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە.
حزبی ڕزگاری دووەمین کۆنگرەی لە ڕۆژانی 14و15-10-2004 لە شاری سلێمانی پێکهێناوه، هەروەها سێهەمین کۆنگرەی خۆیشی لە ڕۆژی 25-12-2009 لە شاری هەولێر دەست پێکردو لە ڕۆژی #01-01-2010# کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
حزبی ڕزگاریی کوردستان هەفتەنامەی ڕۆژی گەل چاپ و بڵاو دەکاتەوە، هەروەها لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا ماڵپەڕی (رزگاری و ڕۆژی گەل)ی هەیە.
حزبی ڕزگاریی کوردستان، پێوەندی برایانەو دۆستانەی نێوان لایەنە سیاسیەکان بە سەنەدی پێشکەوتن و سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەبینێ، بەو هۆیەوە هەوڵدەدات پێوەندی کوردستانیانەو هاوخەباتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان پەڕەپێبدات و قوڵتری بکاتەوە.
حزبی ڕزگاریی کوردستان لە ساڵی 2005 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لیستی هاوبەشی لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهێنابوو، هەروەها لە هەڵبژاردنی 2009یشدا لە لیستی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا بەشداربوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013 بە لیستی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا کردبوو.
جێی ئاماژەیە کە لەهەر سێ کۆنگرەکەدا هەڤاڵ ڕێکار ئەحمەد بە سکرتێری گشتی حزب هەڵبژێردراوە.
حزبی ڕزگاریی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئیستا بەردەوام لەلایەن هێزە دەستەڵاتدارەکانەوە لەژێر گوشار دابووە، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی لە 15-8-1993 ئاشکرای کرد کە شەڕێکی خوێناوی نێوەخۆ بەڕێوەیە، نایەوێ بەشداری و سەنگەربەندی لەو شەڕەدا بکات، بۆیە لەژێر ناوی ڕزگاریدا درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات، بەوهۆیەوە لایەنە دەستەڵاتدارەکان دژایەتیان کرد، کاتێک شەڕی ناوەخۆ لە ساڵی 1994 هەڵگیرسا لاگیری لە هیچیان نەکرد، بەوهۆیەوە لە هەردوو هەرێمی زەردو سەوز فۆتۆکۆپی بۆ دروست کرا، بەڵام سەرکردایەتی حزبی ڕزگاریی کوردستان بڕیاری سیاسی خۆیان ڕادەستی هیچ کەس و لایەنێک نەکردو سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆیان پاراست.
حزبی ڕزگاریی کوردستان یەکەمین لایەنی سیاسی باشووری کوردستان بووە کە چەمکی ئۆپۆزیسیۆنی داهێناوە، لەسەرەتای ڕاگەیاندنیەوە لە 15-8-1993 خۆی وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە نابێ هەموو لایەنەکان بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، بەڵکو دەبێ سەنگەری دەستەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن لە یەکتری هاوێرو جیابکرێنەوە.
حزبی ڕزگاریی کوردستان لە ساڵی 2006 لەگەڵ حزبی دیموکراسیخوازانی کوردستان و پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان و چەند کەسایەتیێکی سەربەخۆ (بەرەی گۆران)ی دروست کرد، بەوهۆیەوە جارێکی دیکەش کەوتە ژێرگوشارو هەڕەشەکانی دەستەلاتدارانەوە. حزبی ڕزگاریی کوردستان بەدرێژایی تەمەنی خۆی باجی هەڵوێستەکانی خۆی داوە، هێزە دەستەڵاتدارەکانیش بەردەوام هەوڵی هاوێرکردن و لەتبوونی حزبی ڕزگاریی کوردستانیان داوە، تەنانەت تا ساڵی 2013 تاکە لایەنی سیاسی مۆڵەتپێدراوی باشووری کوردستان بوو کە هیچ بودجەی پێنەدەدرا.