لە تەواوی بنکە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیە، دوو هەزار و 617 حوکمدراو بە تاوانی جۆراو جۆر هەیە و ماوەی حوکمەکەیان کە بەپێی یاسا بۆیان دیاری کراوە بەسەر دەبەن، لەپلانی کاری وەزارەتیشدایە پێنج پڕۆژەی تری چاکسازی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
لەم چوار چێوەیەدا و لەمیانی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەرەوشی چاکسازییەکان و چاودێری کردنی پڕۆگرامەکانی چاکسازی و خوێندن لە ناو بنکەکانی چاکسازی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-03-2014 ئاسۆس نەجیب، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی لە هەولێر بەسەرکردەوە.
له و سەردانە مەیدانیەدا وەزیری کار لەگەڵ ڕاگیراو و حوکمدراوانی چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر گفتوگۆی کردو لە نزیکەوە گوێی لە داواکاری وداخوازیەکانیان گرت و بەڵێنی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی پێدان.
لە لێدوانێکدا وەزیری کار ڕایگەیاند: لە پێناوی جێبەجێکردنی باشترین پرۆگرامی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پێنج پڕۆژە لە بواری چاکسازی کۆمەڵایەتی بۆ بەندکراوان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەک پێداویستی و کەلوپەل بۆ دوو چاکسازی گەوران لە سلێمانی و هەولێر دابین دەکرێت.
وتیشی: "بە تەواوبوونی بینای چاکسازییەکان ڕەوشی چاکسازییەکانی کوردستان هیچی کەمتر نابێت لە چاکسازییە پێشکەوتووەکان لە وڵاتانی دونیا بەشێوەیەک بنەماو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەسەر بەندکراوان جێبەجێ دەکرێت".
لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 617 حوکمدراوی پیاو و ژن و منداڵ هەن، کە 2206 حوکمدراوی پیاو و 78 حوکمدراوی ژن و 33 حوکمدراوی منداڵە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژە و پرۆگرامەکانی چاکسازی کار بۆ گەڕانەوەی ئه و حوکمدراوانە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان دەکات ئەویش دوای تەواوکردنی ماوەی حوکمەکەیان.
- 27-03-2014