خاڵۆی شاعیر ناوی تەواوی (محەمەد مارف عەلی) یە لەبەر ئەوەی تاقانە بووە لەناو خەڵکیدا بە (محەمەد دەروێش) ناسراوە. لە گوندی (نۆڕەباب) کە گوندێکە لە بناری شارباژێڕو دامێنی سیوەیل لە دایکبووە، سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوونی زۆر ڕوون و ئاشکرانییە بەڵام وەک (خاڵۆ) خۆی لە هۆنراوەیەکدا ڕوونیکردۆتەوە لەساڵی (1928ز) دا لە دایکبووە، لە هۆنراوەکەدا دەڵێت :
بەرواری هاتن بۆ ناو جیهانم نەبوو بەڕوونی زۆر چاک بزانم
بەڵام خۆم دامنا بەئەقڵا و قیاس نۆسە و بیست و هەشت درۆبێ یا ڕاس
هەروەها شاعیر خۆی لەزۆر دانیشتن و کۆبونەوەدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کەهەر لەساڵی (1928 ز) لەدایکبووە.
خاڵۆ لەژیانیدا دووجار خێزان پێکەوە دەنێت، ژنی یەکەم لەساڵی (1946 ز) دەهێنێت و دوو ساڵا ژیان بەیەکەوە بەسەر دەبەن و خێزانەکەی لەساڵی (1948 ز) کۆچیدواییدەکات و هیچ منداڵێکی لێی نابێت و دواتر لەساڵی (1951 ز) ژنی دووەم دەهێنێ کەهەر خوشکی ژنی یەکەمی بووە و لەم ژنەی پێنج منداڵ (دوو کوڕو سێ کچ) ی دەبێت.
(خاڵۆ) هەتا تەمەنی هەژدە ساڵی هیچ خوێندەوارییەکی نەبووە و تاکە پاڵنەری خوێندەواری (خاڵۆ) هەر تەنیا هەوڵا و کۆششی خۆی بووەو هەمیشە خۆی سەرزەنشتدەکرد و بیری لەوە دەکردەوە کەئەم ژیانەی ئەو بەبێ زانست و زانیاری هیچ مانایەکی نییە. بۆیە ئیتر بەتەواوی خۆی بۆ فێربوون و خوێندەواری تەرخاندەکات و سەرچاوەی ڕۆشنبیریی و خوێندەوار ییەکەی سەرەتا هەر (جزمی عمّ) بووە کە جارجارە مەلای گوندەکەی چەند ئایەتێکی پێوتووە، دوای ئەوە بەهەوڵا و کۆششی خۆی بەتەواوی (جزمی عمّ) فێربووە و بەئاسانی خوێندوویەتییەوە وای لێهاتووە کەجێگەی مەلای گرتۆتەوەو وانەی بەفەقێکانی مەلاش وتۆتەوە. ئیتر هەر لەوکاتەوە وەک خۆی دەڵێت خووی زانست و زانیاری خزاوەتە مێشکییەوە و فێربوونی پیتێکی لەهەموو کارو کاسبییەک پێباشتر بووە و لای بەنرختربووە لەهەموو سەروەت و سامانێک، کەلەم بارەیەوە (خاڵۆ) خۆی دەڵێت:
پێم خۆشبوو فێربم ئەلفێک لەگەڵا نوون
نەم ئەویست بمبێ مەخزەنی قاروون
دوای فێربوونی (جزمی عمّ) بەتەواوی ئینجا هەوڵی پەیداکردنی دیوانی شاعیرە کوردەکان دەدات وەکوو دیوانەکانی (نالی و ناری و ئەدەب و پیرەمێرد و کوردی و گۆران و بێکەس و فانی و صافی و مەولەوی و وەفایی و هێمن و تاهیر بەگی جاف) و بەتایبەتی زۆر چێژی لەخوێندنەوەی (چوارینەکانی خیام) دەبینی کەهەژاری شاعیر کردبوونی بە کوردی و بگرە ژمارەیەکی زۆری چوارینەکانی لەبەرکردبوو کەهەر ئەمەش زیاتر بووە هۆی ئەوەی نووسینی چوارینە لەلای (خاڵۆ) خۆشەویستبکات، (خاڵۆ) دێڕبەدێڕی ئەم دیوانانەی بەتاسەو تامەزرۆییەوە دەخوێندەوە، سەرەڕای دیوانی شاعیرە کوردەکان تەفسیری قورئانی پیرۆزی دەخوێندەوە وەک (تەفسیری خاڵا) و تەفسیرەکانی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) ئیتر (خاڵۆ) دەبێتە تاکە خوێندەورای گوندەکەیان و هەر نامەیەک بهاتایە دەبوایە (خاڵۆ) بیخوێندایەتەوەو خەڵکەکەش وەک ڕێبەرو مەلای خۆیان سەیریاندەکرد. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (خاڵۆ) زمانی عەرەبی بەباشی زانیوەو کەمێکیش سەری لەزمانی فارسی دەرکردووە.
(خاڵۆ) هەر لەسەرەتای شەستەکانەوە بەهرەی شیعر نووسینی تێدا دەرکەوتووە و هۆنراوەی وتووە بەڵام گوێیپێنەداون و نەینووسیونەتەوە، بەو شێوەیە بڕوای بەخۆی نەبووە و لەتوانای خۆی دڵنیا نەبوو هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکان هەروا ماوەتەوە دوای ئەوە هەستی بەوە کردووە کەپێویستە لەمەولا بیری باوەڕ بەخۆنەبوون لەمێشکیدا دەرکات و هەر هۆنراوەیەکی وت بەلایەوە پەسەند بێت لای خۆی تۆماریبکات و لەکۆتی خۆبەکەمزانین و بڕوابەخۆنەبوون خۆی دەرباز بکات وەک لەهۆنراوەیەکدا باسیدەکات :
لەو دەردانەی کەسامناکە
باوەڕ بەخۆنەبوون تاکە
ئەوەی بڕوای بەخۆی نەبێ
هەر لەژێر بارا هیلاکە
ئیتر لێرەوە خاڵۆ بەتەواوی بڕیار دەدات کەچیتر ئەو زیانە کاریگەرە لەخۆی و لەقەڵەمە بڕشتەکەی نەدات و هەرشیعرێکی وت زوو بەزوو بیخاتە ناو دەفتەری. ئەو (خاڵۆ) یەی هەتا تەمەنی هەژدە ساڵی هەر شوانی و شمشاڵژەنینی دەزانی لەتەمەنی (55) ساڵیدا بووبە کەسێکی واکە خوێندنەوەو نووسینی شیعر لەلای بووە جێگەی سەرنج و تێڕامانی کەسانی دەوروبەر.
(خاڵۆ) بۆ بژێوی ماڵا و خێزانی چەند ئیشێکیکردووە لەوانە (شوانی بەنایی جۆڵایی کشتوکاڵکردن) کەلەهەریەکە لەم ئیشانەدا زۆر کارامە بووە و خۆی وەستای خۆی بووە و هەر ئیشێکی بکردایە زۆر بەدڵسۆزی بەئەنجامی دەگەیاند، تەنانەت لەشوانیشدا وەک نەریتێکی شوانانە شمشاڵژەنێکی زۆر لێهاتوو بووە.
(خاڵۆ) گەلێک دەردەسەری و دەربەدەری چەشتووە و لەژیانیدا گەلێک جاران خانەو لانەی پێکەوە ناوەو لێیتێکچووە سەرەتا هەر لەگوندی (نۆڕەباب) کەزێدی باب و باپیرانی بووە خانووی دروستکردووە لەڕاگوێزانی ساڵی (1979ز) دا لە (نۆڕەباب) وە دێتە ئۆردووگای زۆرەملێی (کەناروێ) تا ساڵی (1985ز) لە ئۆردووگای کەناروێ دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتە ئۆردووگای (کارێزە) و ساڵێک دەمێنێتەوە واتە تا ساڵی (1986ز) دوای ئەوە دەچێتە (قەڵاچوالان) و ماوەی ساڵێک واتە تاساڵی (1987ز) لەوێ دەمێنێتەوە، دوای کاولکردنی هەریەکە لەو ئۆردوگایانە بەماڵەوە دێتە شاری سلێمانی و لەساڵی (1987ز) و لەگەڕەکی (شەهیدانی ئازادی) دەبێتە کرێنشین بۆ ماوەی ساڵێک دوای ئەوە بارگەو بنەی دەپێچێتەوە بۆ ئۆردووگای (باینجان) و ماوەی سێ ساڵا دەمێنێتەوە (1988 1991ز) واتە تاکاتی ڕوودانی ڕەوی بەکۆمەڵی گەلەکەمان وەک هەموو کەسێک بەخۆی و ماڵا و منداڵەوە بەئاوارەیی ڕوودەکاتە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دوای سێ مانگ مانەوە لە گوندی (خەرجەک) دەگەڕێتەوە کوردستانی باشوور و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی (کەناروێ) هەتا ساڵی (1994ز) لەوێ دەمێنێتەوەو بەکشتوکاڵکردنەوە خەریکدەبێت، دوای پانزە ساڵا دابڕان لەپاییزی (1994ز) دا دەگەڕێتەوە بۆ گوندی (نۆڕەباب) ی باووباپیرانی تاکۆچی دوایی دەکات لەوێژیان بەسەر دەبات.
(خاڵۆ) لەپاییزی (1995ز) دا تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت و بەم دەردەوە دەمێنێتەوە هەتا ڕۆژی دووشەممەی(8 -9-1996ز) لەکاتژمێر سێ و نیوی دوای نیوەڕۆ لەتەمەنی شەست و هەشت ساڵیدا بۆ هەمیشەچاوەکانی لێکئەنێ و ماڵئاوایی لەشیعرو هاوڕێ و کەس و کارو یادگاری چەند ساڵەی تەمەنی دەکات و هەر لەگوندی نۆڕەبابی زێدی باوو باپیرانی بەخاک دەسپێردرێ و لەدواکاتەکانی ژیانیدا ئەم شیعرە دەڵێ:
ژیانم هێند بەئازارە خۆڕاگرتنم لەدەستداوە
مەرگ فریاکەوە نامەرد ئەگەر تۆش غیرەتت ماوە
ناڵەناڵم شەو لەئێش و زامی دەردم کارییە
خەڵکی دەورم وائەزانن ناڵەناڵی تارییە
هیوادارم بەم کارە توانیبێتم کەلێنێکی بچووکم لەکتێبخانەی کوردی پڕ کردبێتەوەو ڕۆحی (خاڵۆ) ی شاعیرم شاد کربێت و گەردی بلووری شیعرەکانی ئەگەرچی زۆر درەنگیشە لابردبێت هەروەک خۆی هەتا لەژیاندابوو ئاواتە خوازبوو کەبەرهەمەکانی بۆ زیاتر خزمەتکردن بە ئەدەبی کوردی بڵاوبکرێنەوە، کەئەم ئاواتەی لە چوارچێوەی چوارینەیەکیدا بەمجۆرە دەربڕیبوو:
ڕۆژ بۆهەوری بەسەردابێ
خونچە بەرگی لەبەردا بێ
بلوری وەک شیعری (خاڵۆ)
ئەبێ تاکەی لە گەردا بێ
بۆ نۆ هەواری ئەمشەوی
خودا چی بکەم لە دەست ناز و چاوی خوماری ئەمشەوی
لە دەستڕێژی پۆلی بژۆی بەبێ ئەژماری ئەمشەوی
وەک زنجیری شاهانەیە دەست و قاچم پێوەند ئەکا
بێ بەزەیی سزام ئەدا زوڵفی ڕەشماری ئەمشەوی
بە شمشێری تیغی برۆی جەرگ و دڵم لەت لەت ئەکا
کە بە جووتە هێرش ئەکەن تورکان بەکاری ئەمشەوی
دەوای دەردم هەموو ئەکا مەلاریا و سیل و نۆبەتا
بە مەرجێ دەستم لێی کەوێ مەمکی هەناری ئەمشەوی
زایەڵەی مەل لە چیمەنا ئەمشەو بێ قەدر و قیمەتە
لە ئیعجازی عیسا ئەکا سۆزی وتاری ئەمشەوی
گوڵزاری هیند نرخی شکا لە جوانی باخچەی سینەکەی
عەنبەری چین مسکی خووتەن ئەدا گوڵزاری ئەمشەوی
خاڵی لە ڕووی ڕیزکردووە ئەڵێی سەربازی هیندییە
کوشتاری لاو و پیر ئەکا تیپی هەزاری ئەمشەوی
کە ڕوو گرژ و خوێناوییە برینی نووکی خەنجەری
بزەی لێوی ئەرستووە بۆ برینداری ئەمشەوی
بەرز و باریکە هەلَچووە بەژنی وەک داری عەرعەرە
خەجاڵەتە سەرووی ڕەوان لە لەنجە و لاری ئەمشەوی
بۆ کوشتاری خاوەن دڵان بێ بەزەیی وەک خۆی نییە
لە کردەوەی جەنگیز ئەکا جەنگ و کوشتاری ئەمشەوی
کیژە کوردی کۆچەرییە تازە ڕەشماڵی بەستووە
هاوڕێیەکی گوێ ڕایەڵم بۆ نۆ هەواری ئەمشەوی
کاتی مەرگ دەستم کەوێ چاکە بۆ ڕۆژی دادگام
بێتە ژێر سەرم دوو ڕانی نەرم و لەباری ئەمشەوی
وێران بووە دڵی (خاڵۆ) بە لەشکری ئەوینەکەی
با بە نازێک ئاوای بکا وێرانە شاری ئەمشەوی
ئامادەکردنی: مەهدی عومەر