نۆدێ یەکێکە لەو لادێ کورديیانەی کە لەباشوری کوردستاندایەو دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و سەر بەناوچەی شارباژێڕە، لادێیەکی جوانەو دەکەوێتە ناو باوەشی چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە کە چواردەوری بەشاخ دەورە دراوە، کانی و ئاوی سازگاری هەیە و زەوی بە پیتی کشتوکاڵی هەیە.
دراوسێکانی نۆدێ: گورگەیەر، گەڕەدێ، چنگیان، کانی سارد.
ناوی نۆدێ لە چیيەوە هاتووە؟
ئەم دێیە بەو مانایە ناونراوە کە لە جێگەی نۆدێی کوردستان دانراوە چونکە لەمێژووی کۆنەوە لەبارەی ڕۆشنبیری و زانست و سیاسەت و دیندارییەوە زۆر پێشکەوتوو بووە، قوتابخانەی فێرکردن بووە بۆ هەموو کەسێک و چەندەها خوازیاری عیلم و زانست هاتوون لەم دێیە لە سەر دەستی شێخ مارفی نۆدێ دەرسیان وەرگرتووە.
ئەم دێیە تەنها بۆ کورد نەبووە و لە وڵاتە بێگانەکانیشەوە سەردانکراوە وەک وڵاتی یەمەن و ئەردەن و ئەفغانستان و ئێران فێری دەرسەکانی ژیان بوون، ئێستاش چەندەها کتێبی شێخ مارف لە کتێبخانەکانی کوردستان بەرچاو دەکەوێت.
نۆدێ لەسیاسەت و ئیمانداریدا:
ئەم دێیە جێگای لەدایکبوون و پێگەیاندنی زانای گەورەی کورد شێخ مارفی نۆدێ بووە هەروەها چەندەها کەسی تری لێهاتووی کورد خەڵکی دێی نۆدێ بوون وەک حاجی کاک ئەحمەدی شێخ کە ئێستا مزگەوتێکی بەناوەوە کراوە بەناوی مزگەوتی گەورە لە سلێمانی وە هەروەها جێگای لەدایکبوونی شێخ مەحمودی نەمر بووە کەمەلیکی کوردستان بووە.
هەروەها جێگای چەندەها پیاوانی لێهاتووی وەک شێخ جەلالی کاکەلاو بووه کەسەرکردەی بەناوبانگی ئەو کاتەی شێخ مەحمود بووە، وە هەروەها ڕۆڵەکانی ئەم دێیە گیان لەسەردەستبوون بەرامبەر بەدوژمن کە لەو پێناوەدا چەندین شەهیدی بەختکردووە، نمونەی ئەوانەش شەهیدان شێخ بابا تاهیری شیخ غەریب و شەهید بەختیاری جوانەمەرگی لەسێدارەدراوو چەندەهای دیکەشن.
ڕۆڵی ژنان لەدێی نۆدیدا
ژنانی ئەم دێیە جێدەستیان دیارە لە سەرکێشیکردن بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و وشیارکردنەوەی ژنانی کورد وەک حەپسەخانی نەقیب کەیەکەم خوێندنگای کردووەتەوە لە شاری سلێمانیدا وە بەههیەخانی شێخ مەعروف کە سەرۆکی یەکێتی ژنانی کوردستان بووە وە چەندەها ژنی تری لێهاتووی بەرهەمهێناوە.
ئێستاش ڕۆڵەکانی ئەم دێیە سەرقاڵی خوێندنن لە ئاستە بەرزەکانی ژیاندا.
نۆدێ لە ڕووی ئابوری و کشتوکاڵدا:
ئەم دێیە لە بواری کشتوکاڵیدا بەڕەزی ترێ بەناوبانگەو خەڵکی ئەم دێیە زۆر بابایەخیان داوە بەم بوارە بۆ یەکەم جار ترێی تایەفی لەشاری تایەفییەوە هێنراوە بۆ ئەم ناوچەیە لەلایەن شێخ جافەری کاکەلاو لەشاری حیجازەوە و ئەم شوڵە مێوانەی هێناوەو ترێی تایەفی و ترێڕەشەو ترێ کشمیشی و ترێ سەرقوڵەی پێ بەرهەمهێناوە کە باشترین جۆری ترێن، بێجگە لەمانەش خەڵکەکەی سەرقاڵن بەچاندنی گەنم و سەوزەهات و دانەوێڵە، وە هەروەها داری بەرزی چنارو گوێز لەم دێیەدا زۆر بایەخی پێدراوە لەگەڵ سەرقاڵبوون بەکشتوکاڵەوەو گرنگیشیان داوە بەبەخێوکردنی مەڕوماڵات و سودی باشیان وەرگرتووە لەبەروبومەکەی.
هەروەها لەدێی نۆدێ- دا تەکیەی شێخ مەحمودی گەورە هەیە کەساڵانە لەجێگا دورەکانی کوردستانەوەو بەسەدان خەڵک ڕووی تێدەکەن و بووەتە جێگای ئیمانداران.
لەڕووی ئاسەوارەوە ئەم دێیە دەرکەوتووە کەجێگای ئاسەواری گرنگی تیایە بەبەڵگەی ئەوەی کە لەساڵەکەنی 1974 کوپێک دۆزرایەوە کە ئاسەواری کۆن بوو ئەوەی پیشاندەدا کە ئەم دێیە لە کۆندا جێگای ژیانی خەڵکێکی زۆر بوووە، وە هەروەها هەر لەم دێیەدا گردێک هەیە کە بە ناوی گردە خەزێنەوە ناونراوە، سەرچاوەکان ئەوە ڕووندەکەنەوە کە ئەم ناوە بۆ کۆن دەگەڕێتەوەو جێگای هەڵگرتن و پاراستنی کەلوپەلە بەبەهاکانی دانیشتوانی ئەم دێیە بووە لە کۆندا.
وە دانیشتوانی ئەم دێیە لە کۆن و لە ئێستادا دڵسۆزانە پاڵپشتیان لە شۆڕشە یەک بە دوايیەکەکانی کوردستاندا کردووەو هەر ئەوەش بۆتەهۆی ئەوەی کەچەندین جار کاولبکرێت و بەر شاڵاوی ڕاگواستن و سوتان ببێتەوە.
بەڵام خۆشبەختانە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی دیکتاتۆريی و ڕژێمە گۆربەگۆڕەکەی بەغدا، ئێستا خەڵکەکەی گەڕاونەتەوەو ئاوەدانکراوەتەوەو وەکو جاران دەستیانکردووەتەوە بەبەسەربردنی ژیانی ئاسایی خۆیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دێیە جێگای ئەوەیە کەزیاتر ئاوڕی لێبدرێتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیش وەک قەرەبوو دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکات.