کێشەی نێوان حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە ئاستێکدایە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی ڕووبەرووی تەنگژەو مەترسی زیاتر کردۆتەوەو ئایندەیەکی تاریک دەخاتە بەردەمیان. ئەم بارودۆخە ئاکامی ڕاستەوخۆی ململانێیەکی فراوانترە لە ئاستی ناوچەکەدا کە لەنێوان بلۆکە سیاسی و سەربازیەکاندا هەیەو لە سەرێکیەوە دەوڵەتی ئێران و لەسەرەکەی تریەوە دەولەتی تورکیا ڕاوەستاون.
هەریەکە لە مالکی و بارزانی وەک دوو هێزی باڵادەست کە بڕیاردەری سەرەکی سیاسەتی عێراق و کوردستانن، بەسەر ئەو دوو جەمسەرەی ئێران و تورکیادا دابەشبوون، و گرفتی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی نفوزو داهات و دەسەڵات لە ئێستادا هەرچی زیاتر بە چوارچێوەی ئەو ململانێ ناوچەییەوە بەسراوەتەوە. هەوڵەکانی پارتی و بارزانی بۆ بەستنەوەی زیاتری ئابوری کوردستان و بەرهەمهێنانی نەوت بە بازارو بەرژەوەندیەکانی تورکیاوە، نارەزایەتی توندی مالکی و حکومەتەکەی لێکەوتۆتەوە کە لەرێگای بەکارهێنانی فشاری نەدانی بودجەو وابەستەکردنی هەرێم بە یاساو بریارەکانی ناوەند هەوڵی تەسلیمکردنی بارزانی دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی بۆرژوازی کورد کە بڕیار بوو پێکەوە حکومەتی فرەلایەن و بنکە فراوان پێکبهێنن و جێگیری و ئارامیی سیاسی بۆ بۆرژوازی دەستەبەر بکەن، لەناو سەرگەردانی و قەیرانێکی سیاسیدا پەلوپۆ دەکوتن و ئاسۆی دەورەیەکی دیکە لە ململانێ و بەریەک کەوتنی سیاسی نێوانیان بەرچاودەکەوێ! پارتی وەکو هێزی سەرەکی بۆرژوازی، دەیەوێ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دوێنێ و بە پلەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، بە پەڕوباڵکراوی بەرێتە ناوحکومەتەکەیەوە و لەریزی یەکێتی نیشتمانیدا وەکو تەواوکەری دەسەڵات و ستراتیژی خۆی نەخشیان پێبدات، لە هەمان کاتدا مەرجەکانی گۆڕان بۆ بەشداری و وەرگرتنی پۆستیسیادی لە حکومەتی هەرێمدا، پەلەقاژەیەکی بێهودەیە بۆ مل نەدان بەو سیاسەتەی پارتی، کە خۆی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کۆمەکی کرد بە جێبەجێبوونی!
فشارەکانی حکومەتی ناوەند لەلایەک و ناکۆکی و قەیرانی سیاسی نێوان هێزەکانی بۆرژوازی کورد لەلایەکی دیکەوە، گرفتێکی جدی و سەرەکیی سەر ڕێگای جێبەجێبوونی سیاسەتەکانی پارتی و بارزانیە وەکو هێزی سەرەکی دەسەڵاتدارو نوێنەری پلە یەکی بۆرژوازی کورد. پارتی لە ململانێیدا لەگەڵ ناوەندو حکومەتی مالکیدا تەریک کەوتوەو نەیتوانیوە پشتیوانی هێزە سەرەکیەکانی بۆرژوازی کورد بۆخۆی مسۆگەربکات. ئەم بارودۆخەی پارتی توانای وەستانەوەی بەرامبەر مالکی دیاریکراو و لاواز دەکات. فشاری بودجە دەتوانێ هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی نائارام بۆ پارتی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حکومەتەکەی دروست بکات. سەرەنجام ڕوداوی کوشتنی بەریوەبەری ڕادیوی عێراقی ئازاد لەلایەن ئەفسەرێکی هێزی پاسەوانی تاڵەبانیەوەو هەوڵەکانی مالکی بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕوادوە بە ئاراستەی توندکردنەوەی فشارەکان لەدەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوەندەی دیکە هاوکێشەکە بەزیانی بارزانی دەچەرخێنێ.
لە هەلومەرجێکی بەوجۆرەدا هەڕەشەکانی بارزانی بۆ کشانەوە لەپرۆسەی سیاسیو دەسەڵاتی ناوەند و کۆنترۆڵی سەربازی ناوچەکێشە لەسەرەکان و ڕەوانەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەند کارتێکی فشارە بۆ چۆکدادان بە مالکی. هێزە نەیارەکانی پارتیش لەناو خێزانی بۆرژوازی کورددا دەیانەوێ سوود لەو خاڵی لاوازیەی پارتی وەربگرن بۆ داسەپاندنی مەرجەکانی خۆیان بەسەریدا. هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بردنی نارەزایەتیەکانی کرێکاران و کارمەندان دژی نەدان و دواخستنی مووچەو سستبوونی بازار و جوڵەی ئابوری، بەئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆی و هەڕەشەکانی بۆ پێکهێنانی هێزی سەربازی هەوڵێکە بەو ئاراستەیەدا!
لەناو ئەم جەنجاڵە سیاسیەی کوردستان و پێکدادانی بەرژەوەندیە جیاوازەکانی باڵەکانی بۆرژوازیدا، جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش دەکرێنە قوربانی و لەسەر خوێن و پارووی دەمی خۆیان و مناڵەکانیان، بەرژەوەندیەکانی بەشەکانی بۆرژوازی بەئاکام دەگات. خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، کارمەندان و جەماوەری دەستەنگی کوردستان بۆئەوەی پێش بەم چارەنوسە بگرن دەبێ خۆیان لە هەرجۆرە خۆشخەیاڵیەکی سیاسی بە باڵ و هێزەکانی بۆرژوازی قورتاربکەن و شوێن سیاسەتی قازانجەپەرستانەی ئەوان نەکەون. پێویستە بۆ لەدەستگرتنی چارەنوسی سیاسی خۆیان و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیان و گوزەرانیاندا لە ڕیزی سیاسی و جەماوەریی شۆڕشگێڕو خەباتکارانەدا خۆیان ڕێکخراوو یەکگرتوون بکەن. دەبێ جەماوەری کوردستان بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئەو هێزانەش بناسن کە بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. نە ململانێی نێوان مالکی و بارزانی لەسەر نان و ئازادی خەڵک و دابینکردنی چارەنوسێکی خۆشگوزەران و دوور لە نایەکسانییە، نە کێشەو ململانێکانی نێوان باڵ و هێزەکانی بۆرژوازی کورد خۆیان لەسەر ئازادی و زیادکردنی پاروویەکە بۆسەرسفرەی خەڵک.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەو هێزەیە کە بەرژەوەندی سیاسی خۆی و سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لە ئامانجی ڕزگاری ئەوانەوە دەرکێشاوە. کۆبوونەوە لە دەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری زامنی بەهێزبوون و سەرکەوتنی خەبات و نارەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەند و مالکی و هاوشێوەکانی لە بەغداو بەرامبەر دەسەڵاتدارانی میلیشیایی و نایەکسانی خۆماڵی. بۆ ڕزگاربوون لە گێژاوی سیاسی ئێستاو بێنەوبەردەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بۆ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میلیشیایی و نەگبەتیەکانی ئەو بارودۆخە لە نەبوونی مووچەو بەبارمتەگرتنی سەرچاوەی ژیانی خەڵک!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
28-03-2014