بەیاننامەی سەرکردایەتی باڵی چاکسازی حزبی سۆسیالست بۆ ڕای گشتی و جەماوەر
- هەڤاڵانی تێکۆشەری حزبی سۆسیالست
- بەڕێز پارت و لایەنە سیاسییەکان
- ڕاگەیاندن و میدیاکان
وەک ڕوون و ئاشکرایە لای حزب و جەماوەر بە گشتی کە ئێمە کۆمەڵێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە دوای شکستی هەڵبژاردنی 21-9-2013 بێدەنگیمان شکاندو باڵی چاکسازیمان ڕاگەیاند لە 20-11-2013 بە فەرمی پرۆژەیەکمان ئاراستەی سکرتێر کرد بە مەبەستی چارەسەری قەیران و کێشە ناوخۆییەکانی حزب کە خۆی لە گەندەڵی و پاوانکردنی داهاتی حزب ونادادپەروەری وموزایدەکردن بە سەر ناوناو بانگی حزب و خوێنی شەهیدانەوە کۆتایی پێبهێنرێت،چونکە ئێمە پێمان وایە حزب دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕوون و ئاشکراو خاوەنی بەڕنامەو ستراتیژی خۆی بێت نەک تەنها حزب بەرتەسک بکرێتەوە لە نێوان خودی سکرتێرو چەند کەسێکی نزیک کە تەواوی جومگەکانی ئەم حزبەیان پاوانکردوەو هیچ جیسابێک بۆ بیرورای ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ناکرێت، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری بچوککردنەوەی ئەقڵیەتی سیاسی و لە دەستدانی متمانەی جەماوەری کورستان، بۆیە ئێمەی سەرکردایەتی باڵی چاکسازی بە ئەرکی بەرپرسیارێتی خۆمان هەستاوین لە دژی (گەندەڵی و نادادپەروەری و هەیمەنەی تاک شەخسی)، ئێمە وەک لە پرۆژەکەماندا هاتووە داوامانکرد با حزب لە قەیران ڕزگاربکەین و ئێمە ڕامانگەیاند ئیتر بەسە ناعەدالەتی و قوتدانی داهاتی حزب، وەهەوڵماندا حزب خاوەنی سیاسەت و ستراتیژ بێت و بیرو ڕای ئازادو ڕەخنەو پێشنیار سەرمەشقی کارەکان بێت نەک تەنها خودی سکرتێرو چەند کەسێک هەر خۆیان خاوەنی بڕیار بن و یاری بە سەروەری و مێژووی حزبەوە بکەن؟، وە ئێمە پێمان وایە ئەوە ئێوەن بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەوە کاردەکەن و پەیوەندی ژێر بە ژێرتان هەیەو بە ناوی حزبەوە لە چەندین شوێنی ترەوە بە نهێنی پارەو پول وەردەگرن و بۆخۆتانی دەبەن ئەوە ئێوەن بە پیچەوانەی پەیڕوی ناخۆی حزبەوە بە سەدان ئەندام کۆمیتە و کادری ئەم حزبەتان دەرکردو موچەو یارمەتیەکانتان بڕی ؟ ئەگەر ئاوڕێکی کورتیش بدەینەوە ئەوا چەندین مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەدان کادرو هەزاران ئەندام و ڕاگەیاندکار بە ناچاری حزبیان بە جێهیشتووە تەنها هۆکاریش ئەوەیە کە محەمەدی حاجی محمودو کەسە نزیکەکانی دوور لە پێوەری حزبیانە ڕەفتاریان کردووە، بۆیە نە ئێمە ئەوه ڵ کەس بوینە نە ئاخرکەسیش دەبین و وەک چۆن لە ڕابووردوا 45 سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە پیلانی ئەمانە حزبیان بە جێهێشتووە.
وەسەبارەت بە ڕاگەیاندنی(بەکۆمەڵ تەجمید کردنی) ئێمە بە هەموو لایەکی ڕادەگە یه نین کە هەڤاڵانی باڵی چاکسازی خاوەنی بڕیارو هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیانن و خۆیشیان بە خاوەنی حزب دەزانن و ئەو بڕیارەش بڕیارێکی تاک ڕەوانەیە و هیچ شەرعیەتێکی نیە بە پێی پەیڕەوی ناخۆیش بێت خۆیان لایانداوە لە سیاسەتی ڕاستەقینەی حزب و جەماوەرەکەی، چونکە شکستی 21-9 سەلماندنی ئەو ڕاستییە یه کە متمانەی جەماوەریان لە دەستداوە؟ وەپێمان وایە بەم بڕیارەشتان جارێکی تر شکستی پێشوەختەی خۆتان ڕاگەیاندو بەم کارەشتان ناتوانن لە هێزو بڕواو ئیرادەی چاکسازیمان کەم بکەنەوە، چونکە ئێمە لە سەر مافی هەڤاڵان و ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێت هاتوینەتە دەنگ و پێتان دەڵێین سەرکەوتن بۆ ئێمەیەو شکستیش بۆ ئەوانەیە کە چاویان لە قوتی ڕۆژانەی خەڵکی حزبە و لەلایەکی ترەوە دەستیان داوەتە فشارو نانبڕینی هەڤاڵانی باڵی چاکسازی وە هەوڵە کانتان لە بەرانبەر ئیرادەی چاکسازیخوازیدا شکست دەهێنێت.
وەدەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن کە بڕوامان بە پلەو پایه یەک نییە هیچ دەسەڵاتێکمان نەبێت و خاوەنی بڕیار نەبین تیایدا. چونکە ئێمە هەریەکەمان کەسانی دێرین و تێکۆشەرو دڵسۆزی حزبوین، وە لە 3 کەسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی 2 کارگێڕی لە گەڵ باڵی چاکسازین وخاوەنی مۆڵەتی دروسبونەوەی حزبن، وە پێمان وایە هیچ دەسڵاتێک بۆ کەس نەماوەتەوە ئەوەی مایەی دڵخۆشییە و مایەی شانازیە بۆ ئێمە دروستبونی مێژوویەکە ئەویش بە گژداچونەوەی گەندەڵی و قۆرخکاریە،وەجارێکی تر و لەم بەیاننامەیدا جەخت لە سەرهەڵوێستی نەگۆڕی چاکسازیخوازانەمان دەکەینەوەو ڕیزەکانی خۆمان فراوانترو یەکدەخەین بۆ داهاتویەکی نوێ لە ژیانی سیاسی حزبدا و هەموو ئەگەرەکانیش لە بەردەمماندا کراوەیە لەو پێناوەدا کە تیایدا خواستە ڕاستەقینەکانی هەڤاڵانی سۆسیالست بە دیبێت: لە گەڵ ئەوەشدا بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو هەڤاڵانی سۆسیالست دەکەین کە پشتیوانی و هەڵوێستی خۆیان دەربڕن بۆ بە هێزکردنی باڵی چاکسازی سۆسیالست.
لە کۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و سەربەرزی کەسوکارەکانیان
سەرکردایەتی باڵی چاکسازی سۆسیالست
1-4-2014