بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نۆ هەزار و چل کەس و بۆ پارێزگاکانی هەرێمیش 713 کەس خۆیان کاندید کردوە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 21 ملیۆن و 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هەندێرن محەمەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاند: بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر و سلێمانی و دهۆک 713 کەس خۆیان کاندید کردوە.
پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڵاوی کردەوە، بۆ پەرلەمانی عیراق نۆ هەزار و چل کەس لە سەرتاسەری عیراق خۆیان کاندید کردوە و بەسەر 107 لیست و قەوارەدا دابەش بوون.
سەعات دوانزەی شەوی دووشەممە، یەکەم ساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عیراق دەستیپێکرد. بڕیارە بانگەشە تا 28ی مانگی نیسان بەردەوام بێ و لە 30ی نیسانی داهاتوودا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
لە عیراق، 21 ملیۆن و 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
پەرلەمانی عیراق 328 کورسییە، بەشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەم شێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر 15 کورسی.
پارێزگای سلێمانی 18 کورسی.
پارێزگای دهۆک 11 کورسی.
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم 90 کورسییە و لە ساڵی 2005وە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە، بەشی هەر پارێزگایەکیش بەم شێوەیەیە:-
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر 30 کورسی.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی 32 کورسی.
ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک 28 کورسی.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، ڕێژەی دانیشتوان و دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.
ژمارەی دانیشتوان، پێنج ملیۆن و 169 هەزار کەسن.
ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: دوو ملیۆن و 785 هەزار کەس.
- 03-04-2014