لە ماوەی دوایی دا ئاستی هێرش و گوشارەکان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، ڕووی لە زیاد بوون ناوە و لەلایەن نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان ویستی لەناو بردنی دەسکەوتی ڕۆژاوا هەیە. هەروەک دەزانرێت، ڕژێمی داگیرکەری تورکیا لە ڕۆژانی دوایی دا بە کۆبوونەوەیەکی نەهێنی کە وتەکان و پیلانەکانیان لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاشکرابوو، لە هەوڵی گەلەکۆمە و پیلانگێری لە دژی گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستانە و لەم کۆبوونەوەدا زۆر بە ئاشکرا، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم گەلەکۆمەیان باس کردووە. هاوتەریبی ئەم کۆبوونەوەیە، چەتەکانی سەر بە داعیش بە مەبەستی داگیرکاری، دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمی کۆبانی کرد. دوابەدوای ئەم هێرشانە و لە چوارچێوەی هەمان پیلاندا پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراق بە سەرۆکایەتی بارزانی، فەرمانی هەڵکەندنی خەندەقی دوژمنایەتیان لە سنوورەکانی ڕۆژاوا داوە و هەنووکە ئەم پیلانە پراکتیزە دەکرێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم هێرش و پیلانگێریانە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان بە هیچ شێوازێک پەسەند ناکرێت. بەتایبەت کردەوەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراق لەبەرانبەر گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان، مژارێکە کە پێویستی بە هەڵویستی جیدی هەیە. هەڵکەندنی خەندەق کە دوژمنایەتیەکی ئاشکرا لەبەرانبەر گەلی کوردە لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژاوا و باشوور، کردەوەیەکە کە بە هەمان شێواز لە قۆناخی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم ڕەوشە لە حالێکدایە کە هەر لەسەرتای شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستانەوە هەتا ئێستا، پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراق، هاوتەریب و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعیش و جەبهەتولنەسرە هەڵسوکەوتی کردووە.
لەو باوەرەداین کە ئەو سیاسەتەی کە بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، تەنیا سیاسەتی پارتی دیمۆکراتە و پێویستە ئەم پارتە بە زووترین کات دەست لەم کردەوانەوانەوە و بەتایبەت هەڵکەندنی خەندەقی دوژمنایەی بەربدات.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک بانگ لەسەرجەم گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان و بەتایبەت گەل و لایەنە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم پیلانگێڕیە هەستیارانە هەڵسوکەوت بکەن و خاوەن هەڵوێست بن.
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
08-04-2014