زیاتر لە (700) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نەوەد کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەسەرتاسەری عێراقیشدا نزیکەی دە هەزار کاندید هەوڵی بەدەستهێنانی (328) کورسی پەرلەمانی عێراق دەدەن.
ئا: ئاوێنە
نۆ ساڵ لەمەوبەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بڕیاروایە لەکۆتایی ئەم مانگەدا جارێکیتر ئه و هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت. بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە پشتی بە داتاکانی وەزارەتی بازرگانی بەستوە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێنج ملیۆن و (169) هەزار کەسە و دوو ملیۆن و (785) هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم نەوەد کورسییە، له و ژمارەیەش (32) کورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و (30) کورسی بۆ هەولێرو دهۆکیش (28) کورسیە. بۆ بەدەستهێنانی ئه و نەوەد کورسیەش (713) کەس خۆیان کاندید کردوە. هەرچی پشکی ئه و پارێزگایانەیە بۆ پارلەمانی عێراق بەم جۆرەیە: پارێزگای سلێمانی هەژدە کورسی و هەولێر پانزە کورسی و دهۆکیش یانزە کورسیە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە (328) کورسیە (107) لیست و قەوارە بە (9040) کاندیدەوە بەشداری دەکەن. هەفتەی ڕابردو بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و بڕیاروایە تا (28/4) بەردەوام بێت. تائێستاش (667) چاودێری نێودەوڵەتی ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە تۆمارکردوە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن، ژمارەی دانیشتوانی عێراق (34) ملیۆن و (800) هەزار کەسە، له و ژمارەیەش (21) ملیۆن و (592) هەزارو (882) کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش کۆمیسیۆن پشتی بەکارتی ئەلیکترۆنی بەستوە کە (21) ملیۆن دانەی لێ چاپکراوه و (126) ملیۆن دۆلاری تێچوە. تائێستا چواردە ملیۆن و نیو کارتی دەنگدان دابەشکراوە، کە دەکاتە ڕێژەی (73%) دەنگدەرانی گشتی و تایبەت و تەنها لەشاری بەغدا زیاتر لە چوار ملیۆن کارت دابەشکراوە. دوایین وادەی دابەشکردنی کارتیش ڕۆژی بیستی نیسانە.
ئەنجامدانی ئه و هەڵبژاردنانە لەکاتێکدایە، پارێزگایەکی وەکو ئەنبار کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبی سوننە مەزەبن پێناچێت هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت، چونکە ماوەی زیاتر لە دو مانگە شەڕو پێکدانانی نێوان گروپە چەکدارەکان و سوپای عێراق لەژمارەیەک ناوچەی ئه و پارێزگایە بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەعێراق، لەماوەی سێ مانگی ڕابردودا زیاتر لە (2200) کەس لەسەرانسەری عێراقدا بەهۆی تەقینەوه و کارە چەکدارییەکانەوە کوژراون.
دیارترین ئه و گرفتانەی بەرۆکی هاوڵاتیانی عێراقی گرتوه و لایەنە سیاسیەکان لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەدا جەختی لێدەکەنەوە، کەمی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان و زۆربونی ژمارەی کەسانی بێکار و خراپبونی ڕەوشی ئەمنیە.
سەبارەت بە کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسیەکان و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەوتەی چاودێرانی سیاسی چاوەڕوان دەکرێت لیستی دەوڵەتی قانون بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیران، زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، هەرچەندە دو ڕکابەری بەهێزی هەیە، کە یەکێکیان لیستی مەواتنی سەر بەئەنجومەنی باڵای ئیسلامیە کە کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، ڕکابەرەکەی دیکەش لیستی ئەحراری سەر بەرەوتی سەدرە کە موقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی دەکات.
لەناوچە سوننە نشینەکانی باکورو ڕۆژئاوای عێراقیش، ڕکابەرییەکە لەنێوان ساڵح موتڵەگی جێگری سەرۆک وەزیران و ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پارلەماندایە. هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، ڕکابەرییەکە لەنێوان پارتی دیموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانیدایە.
- 17-04-2014