تەنها لەمەرزی باشماخەوە ڕۆژانە نزیکەی 150 ترێلە کاڵا و کەلوپەل و خواردەمەنی هەمەجۆر، هاوردەی هەرێم دەکرێت، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسی گومرگی مەرزەکە مەحمود ئەحمەد، تەنها ترێلەیەکیش لەهەرێمەوە کاڵا و کەلوپەل هەناردەی دەرەوە ناکرێت، لەبارەی داهاتیشەوە ئه و بەرپرسە دەڵێت "دەسەڵاتی ئەوەم نییە داهاتی گومرگی مەرزەکە ئاشکرابکەم".
ئا: ئاسۆ سەراوی
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخی نێودەوڵەتی مەحمود ئەحمەد عەلی لەدیدارێکی ئاوێنەدا ئاماژە بەکار و چالاکیەکانیان و ئاستی هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا و کەلوپەل دەدات له و سنورەوە، ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە لەسەر کەمتەرخەمی لەکارەکانیاندا تا ئێستا 6 فەرمانبەری گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی گومرگ.
بۆ هەندێ مادە گومرگکردن زیادیکردوە
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخی نێودەوڵەتی ئەوە دەخاتەرو کە لەئێستادا پێناسەی گومرگیی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە، بۆ هەندێ مادە گومرگکردن بەرێژەی20% زیادیکردوە، ئەمەش لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە سەپێنراوە، ئه و وتی "وەک قۆناغی یەکەم 109مادە بەپێی پێناسە تازەکە گومرگ دەکرێت، زیاتریش ئه و شتانە گومرگی زیاد بوە کە زیانبەخشن بۆ مرۆڤ، وەک جگەرە و توتن و خواردنەوە کهولیەکان". ئه و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە خواردەمەنی گومرگی لەسەر نییە، تەنها پارەی (ئوجور کەشفەکە)ی وەردەگیرێ، بەشێوەیەکی گشتی میوەهاتیش بۆ هەر کیلۆیەک 50دینار گومرگ دەکرێت، ئەوەی لەمیوەهاتەکانیشدا هاوردەکردنی قەدەغەیە بەشێوەیەکی هەمیشەیی تەنها ترێیە.
هاوردەکردن زۆرە و هەناردەکردن نییە
سەبارەت بەئاستی هاوردەکردن و هەناردەکردنیش له و سنورەدا ئه و بەداخێکی زۆرەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی هەناردەکردن زۆر نزمە بەجۆرێک لەئێستادا ئاستەکەی لەسفردایە، وەک ئه و ڕونیدەکاتەوە بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژانە نزیکەی 150ترێلە کاڵای هەمەجۆری وەک خواردن و کەلوپەلی بیناسازیی هاوردەی هەرێم دەکرێت، بەڵام تەنانەت ترێلەیەک لەهەرێمەوە هەناردە ناکرێت، لەکاتێکدا پێشتر فافۆن و قاڵب و مس و چەند کاڵایەکی تریش هەناردە دەکران، "بەڵام ئێستا ئەوەش نییە". لەبارەی ئەوەش زۆرترین کاڵا له و سنورەوە هاوردە بکرێت چییە؟ بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی باشماخ وتی "کەلوپەلی بیناسازیی و بەزۆریی کاشی زۆر دێت، بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین ڕۆژانە نزیکەی 10ترێلە کاشی هەمەجۆر لەم سنورەوە دێتە هەرێمەوە، دوای ئەویش کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبیل زۆر دێت".
کۆنتڕۆڵکردنی سنورە لاوەکیەکان ئاسان نییە
هاوردەکردنی کاڵا بەشێوەیەکی قاچاخ و خۆدزینەوە لەگومرگکردن وەک دەوترێ تا ڕادەیەک بونی هەیە، لەم ڕوەوە ناوبراو ئەوە ڕوندەکاتەوە، کە جگە لەمەرزەکان سنورێکی بەرفراوانی لاوەکی هەیە، کە کۆنتڕۆڵکردنی بەتەواوەتی ئاسان نییە، بۆیە دەڵێت "ئەشێ لەسنورە لاوەکیەکانەوە کاڵا بەقاچاخ هاوردە بکرێت، بەڵام لەم مەرزەی ئێمەوە دڵنیاتاندەکەمەوە هاوردەکردنی کاڵا بەشێوەی قاچاخ یاخود خۆدزینەوە لەگومرگکردن بونی نییە".
داهاتی گومرگ ئاشکراناکرێت
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ ئاشکراشی دەکات لەوکاتەوەی ئه و چۆتە ئه و شوێنە، کە ماوەی ساڵ و سێ مانگە، تاوەکو ئێستا 6فەرمانبەری لەسەر کەمتەرخەمی لەئیشدا گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی گومرگ "هەر هەفتەی ڕابردو لەسەر کەمتەرخەمی لەئیشدا 4فەرمانبەرم دەرکرد لەگومرگ و گواستنەوەم بۆ کردن بۆ شوێنی تر". هەروەها ئەوەش دەخاتەرو کە چەندین فەرمانبەری تریش بەهۆی سەرپێچی بچوکەوە سزادراون. بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ باس لەوەش دەکات کە هەر بەدو مانگ جارێک جێگۆڕکێ بەشوێنکاری فەرمانبەرەکانی دەکات "ئەمەش بۆ ئەوە دەکەین کە هیچ دەرفەتێک نەهێڵینەوە بۆ سەرپێچیکردن". سەبارەت بەداهاتی گومرگی مەرزەکەش مەحمود ئەحمەد عەلی، ئەوە دەخاتەرو کە دەسەڵاتی ئاشکراکردنی ئەوەی نییه و دەڵێت "دەسەڵاتی ئەوەم نییە داهاتی گومرگی مەرزەکە ئاشکرابکەم". بەڵام ئاوێنە لەچەند سەرچاوەیەکی تایبەتی خۆیە زانیوێتی داهاتی ڕۆژانەی گومرگی ئه و مەرزە "نزیکەی ملیارێک دینارە".
- 17-04-2014