بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژنان، ساڵی ڕابردوود لە سلێمانی 10 حاڵەتی توندوتیژی سێکسی تۆمارکراوە، ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا بینای بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی کرایەوە.
ئەمڕۆ 17ی نیسانی 2014، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی و نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان، بینای نوێی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا ڕاپۆرتێک لە بارەی کارو چالاکییەکانی ئه و بەڕێوەبەرایەتییە خرایەڕوو لە وتەیەکیشدا، کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ڕایگەیاند: ساڵی 2012 نزیکەی هەزار و 554 کەیس هەبووە لەساڵی 2013 ئه و ژمارەیە دابەزیووە بۆ هەزار و 217 کەیس.
کوردۆ عومەر وتیشی: "پارێزگای سلێمانی بە تایبەت ناو شاری سلێمانی ڕێژەی توندوتیژی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە".
هەروەک سوپاسی پارێزگاری سلێمانی کرد کە هاوکارو پاڵپشتی فەرمانگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووە.
لە دوای مەراسیمی کردنەوەی بینای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەسەرپەرەشتی پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبوونی، کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی و تەندروستی و پەروەرده و چاودێری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری سلێمانی و نوێنەری ئەنجومەنی خانمان و ڕێکخراوەکانی ژنان بەرێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاستی کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵسەنگاندنی بۆ کراو کێشه و گرفتەکانی ئه و بوارە خرانە بەر باس.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکرا کە ئاستی توندوتیژییەکان لە شاری سلێمانی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمترە لە چاو شوێنەکانی تر و تەئکید کرایەوە لەسەر کاری زیاتر بۆ ئەوەی ئه و ڕێژەی هەیە زیاتر دابەزێت.
له و ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوەکرا، لە توندوتیژی سکێسی لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا 10 حاڵەت بووە لە کاتێکدا ئه و ڕێژەیە لە پارێزگاکانی تر زۆر بەرزە و سەنتەری سلێمانیش لەچاو ناوچەکانی تری پارێزگاکە کەمترین توندوتیژی تێدا تۆمار کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بۆ گرفتی نەبوونی نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری کرا لە ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تەئکید کرایەوە لەسەر گرنگی بوونی نوێنەری ئه و ئەنجومەنە به و پێیەی زۆربەی کێشەی فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پەیوەندیان بە دادگاکانەوە هەیە.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردا لەرووی دابینکردنی پێداویستیە تەندروستییەکانەوە هاوکاری زیاتری شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان بکرێت و هاوکاری زیاتریش لەرووی پەروەردەی و ڕۆشنبیرییەوە پێشکەشی شەڵتەرەکان بکرێت.
- 17-04-2014