لەپێناو هێنانەدی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هێنانەکایەی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی کە ئامانجی یەکەم و سەرەکی؛ خزمەتی هاوڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتین:
یەکەم: پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و یەکگرتو کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەران و تەواوی خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت.
دوەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی حکومەت لەسەر بنەمای چاکسازی و چەسپاندنی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: کاراکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکانی لە یاسادانان و چاودێریکردن و بەدواداچونی کارەکانی حکومەتدا ئەنجام بدات.
چوارەم: چەسپاندنی پرەنسیپی (شەراکەت) لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا کە سەرجەم هێزە بەشداربوەکانی حکومەت، هاوبەشی ڕاستەقینە بن لە دەسەڵات و دروستکردن و جێبەجێکردنی بڕیاردا.
لەم ڕوانگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان هاوبەش دەبێت لە:
أ- پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هاوبەشی لە دەسەڵاتە سیادییەکاندا.
ب- هاوبەش دەبێت لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کورددستاندا بە وەرگرتنی پۆستەکانی:
1- وەزیری پێشمەرگە.
2- وەزیری دارایی و ئابوری.
3- وەزیری پیشەسازی و بازرگانی.
4- وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی.
5- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان.
6- هاوبەشی لە دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا کە دواتر دیاری دەکرێن.
پێنجەم: هەردولا پشتگیریی تەواوی سەرخستنی بەرنامەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بە شێوەیەک کە زامنی پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئینتیمای سیاسی و چون بەرەو هەڵبژاردنێکی شەفاف و دور لە هەر فشار و سزایەکی سیاسی بێت.
لەم ڕوانگەیەوە هەفتەی داهاتو کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان
17-04-2014