وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و پاڵاوتنی نەوتی لە 2003 ەوە تاکو 2013 ڕاگەیاند، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لە ماوەی دەیەی پێشوودا بە شێوەیەکی سیستماتیکی سزای ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان سێهەم ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی ڕاگەیاند کە چالاکیەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2013 لەخۆ دەگرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتەکە یارمەتی هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئارەزوومەند دەدات لە نزیکەوە ئاگاداری چالاکیەکان و بەرەوپێشچوونی پیشەسازی نەوت بن لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڕاپۆرتەکە دوا زانیاری سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان و پاڵاوتنی ناوخۆیی و بەکاربردن و چالاکی بیرە نەوتەکان و ژمارە و نەخشەی سەکۆکانی هەڵکەندنی نەوت و ژمارەکانی دامەزراندن و دوایین زانیاری سەبارەت بە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەخۆ دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەدا دوو بەشی نوێ زیاد کراوە، یەکەمیان بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و پاڵاوتن لە 2003 ەوە تاکو 2013 لە هەرێمی کوردستاندا پیشان دەدات، دووەمیان باس لە بەکاربردنی ناوخۆیی عێراق بەرامبەر بەکاربردنی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ مافە شایستەکانی هەرێمی کوردستاندا لە 2003 ەوە تاکو 2013.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێت: "لە ساڵی2004 ەوە، عێراق کۆی 1،983،143،579 بەرمیلی بەکاربردووە کە له و ژمارەیە 235،616،325 بەرمیل لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەکاربراوە کە بریتیە لە 12% ی کۆی بەکاربردنی ناوخۆیی عیراق لەبری مافی شایستەی 17% ی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە هەرێمی کوردستان 98،343،442 بەرمیل نەوت کەمتری لە مافی شایستەی خۆی بەکاربردووە".
راشیگەیاندووە کە بەهۆی کەش و ئاووهەوا و بارودۆخی ئابووری و تایبەتی تری لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە پێویستە مافی شایستەی خۆی 20% ی کۆی بەکاربردنی ناوخۆیی عیراق بێت لەبری 17%. لەم حاڵەتەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی 157،952،495 بەرمیل کەمتری لە مافی شایستەی خۆی بەکار دەبرد.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان جەختیشی لەوە کردووەتەوە "ئەمانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لە ماوەی دەیەی پێشوودا بە شێوەیەکی سیستماتیکی سزای ئابووری سەپاندووە بەسەر هەرێمی کوردستاندا".
دووپاتیشدەکاتەوە کە لە پێناو پڕکردنەوەی نەناردنی بەرهەمە زۆر پێویستەکانی وەک دیزڵ و بەنزین و نەوت لە بەغداوە، حکومەتی هەێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیڕەویکردنی سیاسەتی ئاڵوگۆڕپێکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو لە بەرامبەر دەستکەوتنی بەرهەمەکاندا.
دەشڵێت: "ئەم ڕاپۆرتە مانگانەیە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە شەفافیەتەوە. هەموو ڕاپۆرتەکان بە زمانی ئینگلیزی و کوردی لەسەر پێگەی وەزارەت www.mnr.krg.org دادەنرێن. وێنەی چاپکراوی ڕاپۆرتەکانیش بەردەست دەخرێن".
- 18-04-2014