خەندان عەلی ناجی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایکرد کە پارێزگای سلێمانی لە سەرپێچیکردنی بانگەشەی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پێش پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
قاسم دەراجی، یاریدەدەری سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن بۆ کاروباری هونەری و سەرپرشتیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: لیژنە هەمیشەییەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم، سەرجەم پێشێلکارییەکانی ئه و بانگەشەیەی چاودێری کردووە و بەپێی ئامارەکانی بەردەستی، تا 12ی ئەم مانگە 37 سەرپێچی لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە و لەپێش پارێزگاکانی دیکەی هەرێمەوەیە.
سەبارەت بە پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، قاسم دەراجی بەپێی ئامارەکانی بەردەستی لیژنە هەمیشەییەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاشکرایکرد کە لە پارێزگای دهۆک 31 و لە هەولێری پایتەختیش 18 سەرپێچی تۆمار کراون.
سەرپرشتیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وتیشی کە لیژنە هەمیشییەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردن و تۆمارکردنی سەرپێچی و پێشێلکارییەکان و بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران تا بڕی ئه و سزا ماددییە دیاری بۆ ئه و لایەنە دیاری بکرێت کە سەرپێچیی کردووە.
- 19-04-2014