چەند شەوێکە باری ئارامی پارێزگای سلێمانی تێکچووە، لە دوو شەوی ڕابردوودا لە ناو سلێمانیدا تەقە لەدوو بارەگای پارتی کرا، شەوی 18-4 پاسەوانی بەرپرسێک و پۆلیس دەبێتە دەمەقاڵیان و ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو هاوڵاتی تر بریندار دەبن، لەوەش خراپتر هەموو ڕۆژێک لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیەوە پێشبینی شەڕوتوندونیژی گەورە دەکرێت و تا ئێستا چەند کەس برینداربوون.
ئێمە ئەم ڕووداوانە بەکارێکی ئاسایی نازانین، بەڵکو ئەمانە ئەنجامی ئه و وتارە توند و گەرمانەی هەندێک بەرپرسی سیاسی و ئەمنیی ئەم دەڤەرەن، کە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم و پەرلەمانی عێراقدا، لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە.
ئەگەر لایەنەکان بەتایبەتی بەرپرسانی یەکێتی لەسلێمانیو، لە کەرکووکیش پارتی و یەکێتی مامەڵەیەکی تەندروست و بەرپرسانە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نائاساییەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەکەن، ئەوا بەدڵنیایەوە پێشبینی تێکچوون و خراپبوونی زیاتر و توندتیژی زیاتری لێدەکرێت.
لای هەمووان ئاشکرایە کە هەمووی چەند ڕۆژێکی تر خەڵکی کوردستان و عێراق دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ بەشداریکردن لەدوو پرۆسەی گرنگدا، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی ئارام و بێ توندوتیژی و ساختەکاری ئەم پرۆسەیە بەئەنجام بگەیەنی، ئەوا بەدڵنیایەوە کوردستان قۆناغێکی تری پرسە دیموکراسییەکان دەبڕێت و دەتوانێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش وێنەیەکی جوان نیشان بدات کە ئەم هەرێمە جیاوازە لەچواردەورەکەی.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە، ئەگەر ئەم ڕووداو و توندتیژیانە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی و کەرکووک لەبری تۆمارکردنی پرۆسەیەکی دیموکراسی نمونەیی کە سەرمەشقی شارەکانی تر بێت، لەهەلومەرجێکی زۆر نا ئاسایی و نا تەندروستدا دەچنە نێو پرۆسەی دەنگدانەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بەبارودۆخێکی ئارام و تەندروست هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سلێمانی و کەرکووک دەگوزەرێت کە لەژێر زەبری توندوتیژی و چەک و ترسدا هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبچێت، ئاماژەیەکی مەترسیدارمان پێدەدات کە سبەینێ پرۆسەی دەنگدانیش تەندروستانە بەرێوەنەچێت، هاوکات ئەم کەشە نائارامەی لە ئارادایە زەمینەیەکی لەبار بۆکاری ساختەکاری و تەزویر دەخولقێنێت.
بۆیە ئێمە لەروانگەی بەپرسیارێتیمانەوە بەرامبەر پارێزگای سلێمانی و کەرکووک و سەرتاسەری هەرێم کە پرۆسەیەکی ئارام و دیموکراسی ئەنجام بدرێت، لەپارێزگای سلێمانی ڕوودەکەینە بەرپرسانی حکومی و حیزبی بەپلەی یەکەم یەکێتی و ئەوجا حیزبەکانی تر کە کۆتایی بەم دروستکردنی فەزای ترس و توندتیژییە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بهێنن، هەروەها ڕوویدەممان دەکەینە بەرپرسانی پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک کە زەمینەی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەی بێ خەوش و فشار بۆ سەر هاوڵاتیانی کوردستان بهێننە ئاراوە کە لەئاستی قوربانییەکانی گەلەکەماندا بێت.
کەمال ڕەووف- شار پرێس
ئاسۆس هەردی- ئاوێنە
ئەحمەد میرە- لڤین
کاژاو جەمال- هاوڵاتی
شوان محەمەد- سپی میدیا
21-04-2014