سڵاوێکی گەرم...
ئێمە کە لەخوارەوە ناومان هاتووە، کۆمەڵێک کەسی تێکۆشەری ناو ئەو ڕێکخراوە دیموکراتیانەی ئەمڕۆین، کە لەشۆڕشی نوێدا هەموو تەمەنی لاوێتی خۆمان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و شەهید بوون و زیندانی و ڕێکخستندا بەسەر بردوەو بەدرێژایی لانی کەمی 15ساڵ لەشاخ و لەزیندانە تاریکەکانی بەعس و لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان بەرامبەر بەڕژێمی داگیرکەری بەغدا وەستاوینەتەوەو لەوپێناوەشدا هەرچەندە لێمان شەهیدبوەو زیندانی کراوین و کەمئەندام بوین و ماڵمان وێران بووە، بەڵام تا ئەمڕۆش کە ئاوڕێ لەرابردوو دەدەینەوە، ئەوا زۆر بەفەخرەوە سەیری بڵندی هەڵوێستمان دەکەین و بەهەرە سەروەری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆمانی دەزانین و پێشمانوایە تا دونیا دونیایە تاکە شتێک کە لەمێژوودا بۆ ئێمە بمێنێتەوە و فەخری پێوەبکەین، ئەو خەبات و قوربانی دانەمان بووە لەشۆڕشی نوێدا بۆ کوردو کوردستان.
بەڵام ئەمڕۆ، کە دەبینین بەری ئەو ڕەنج و ماندووبون و تێکۆشانەمان، کە دیارە بەرێزیشتان یەکێکن لەو تێکۆشەرانەی، کە سەرکردایەتی ئێمە بوون خەریکە بەئاودا دەدرێ و سوک دەکرێ و بەفیڕۆ دەچێت، ئەویش بەوەی، کەسێ دەکرێتە کاندید بۆ پارێزگای سلێمانی کەسێکی بەعسی و خۆفرۆش بووە.
بۆیە ئێمە پێمانوایە نەبەڕێزتان و نە ئێمەش ڕۆژانی سەختی بەرەنگاریمان بۆ دروستکردنی ڕۆژێکی وا هەڵنەبژاردوە کەسێکی بەعسی نمایندەی شەهیدان و بەرخودانی پارێزگایەک بکات، کە هیچ کەس بەقەد بەڕێزتان ئاگای لە مێژووە گەش و پرشنگدارەکەی نییە.
بۆیە بەیادی هاوسەنگەری جارانەوە داوا لەبەڕێزتان دەکەین هەرچی زوترە ئەو بەعسییە لەدیارکردنی بۆ ئەو پۆستە بکشێننەوەو کەسێکی تر هەر لە لیستەکەی خۆتان دابنێن کە دەتوانێ نمایندەی لیستەکەتان بێت، ئێمە بەداخەوین کە دەبوایە ئەو کاندیدە خۆی بکشایەتەوەو داوای لێبوردنی بکردایە، بەڵام ئێستا هیوامان وایە کە خۆتان ئەو دەست پێشخەرییە بکەن و کەسێکی تر لەلیستەکەتان بێننە پێشەوە، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی پاشگەزبوونەوە لەهەڵە جوامێری و ئازایەتییەو ئێمەش سەرەڕای جیاوازیمان ئەوەتان لێ ڕەچاو دەکەین.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزماندا....
- کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان.
- کۆمکاری زیندانیانی کوردستان/ لیستی سەوز، سلێمانی.
- کۆمەڵەی پێشمەرگە کەم ئەندامەکانی سەنگەر.
- کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی کوردستان.
- ڕێکخراوی شەهید ئارام.
- ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کەسوکاری شەهیدان.
- 25-04-2014