بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕێکەوتنامەی هەردوو وەفدی دانوسانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی 28-04-2014 هەردوو وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان - هەولێر کۆ بوونەوە و لەپێناو بەرژوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و ئامادەسازی بۆ ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی قۆناغی داهاتوومان و بەمەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەشی بنکەفراوان کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان و بێت و بە ئامانجی خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە دادپەروەرانە و بێ هیچ جیاوازییەک، هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە پێکهاتن:
1-کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسپێکی قۆناغێکی سیاسیی نوێ دەبێت لە کار و ئەرکی حکوومەتدا کە هەردوولامان و هەموو لایەنە بەشدارەکان بە گیانی بەرپرسیاریەتیەوە کار بۆ ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەشی چاکسازیی هەمە لایەنە و گشتگیر بە گوێرەی بەرنامەکانی چاکسازیی هەموو لایەنەکان و بەشداری و شەراکەتێکی ڕاستەقینە لە جومگەکانی داڕشتن و وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و ئیداری لەم کابینە نوێیەدا بکەن.
2-هەردوولا تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە پرنسیپی هاووڵاتیبوون پێوەر و بنەمای سەرەکیی ئامانجی کاراترکردنی حکوومەت بێت، ئەمەش بە پابەندبوون بە یاساسەروەری و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباری وەزارەتەکان و دامەزراوە و دەزگاکانی حکوومەت دەستەبەر دەبێت.
3-هەردوولا پێکهاتن لەسەر ئەوەی کارنامەی حکوومەتی بنکەفراوان و بەرنامەی سیاسەتە گشتییەکانی لە لایەن لێژنەیەکی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی هەشتەمەوە ئامادە دەکرێت و پێکەوە کار بۆ پشتگیری و سەرخستنی ئەم کابینەیە و بەرنامەی کاری حکوومەتە هاوبەشەکە بکەن.
4- کاری هاوبەش بۆ کاراترکردنی ڕۆڵی پەرلەمان وەک نوێنەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان و سەرچاوەی دەسەڵاتەکانی لە ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوون و پرسینەوە لە دامودەزگەکانی حکوومەت و بڕیارە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستاندا دووپات کردوە.
5- هەردوو لایەنی وەفدی دانوسانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە پشکی یەکگرتوو لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
1- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
2-وەزیری کارەبا.
3-وەزیری هەرێم بۆ کارباری پەرلەمان.
4-وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
5-فەرمانگەی کاروباری ڕێکخراوە NGOکان.
6- بەشداریکردن لەهەموو پۆست و پلەیەکی دیکەی حکوومەت و دەسەڵاتدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان
فازل میرانی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
مولود مراد محی الدین