شارەزایەک لە بواری نەوت ڕایدەگەێنت لە شەش ساڵی داهاتوودا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و 20 بلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت.
بیلال سەعید، ڕۆژنامەنووسی و شارەزا لە بواری نەوت و گاز بەخەندانی ڕاگەیاند:" بەپێی ڕاپۆرتی سێیەمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە دیسەمبەری ساڵی ڕابردووەوە هەناردەکردنی نەوت دەستی پێکردووە، لەو مانگەدا 89هەزارو 188بەرمیل نەوتی هەریمی کوردستان ڕەوانەی تورکیا کراوە، بەڵام بەپی زانیارییەکان تا کۆتایی مانگی نیسان بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە خەزانەکانی ووڵاتی تورکیا کۆبووەتەوە".
وتیشی:" بەپێی ڕێکەوتنی نیوان هەرێمی کوردستان و تورکیا پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 100هەزار بەرمیلەوە بۆ 300 هەزار بەرمیل بەرزبکرێتەوە واتە تاکۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە100 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی تورکیا دەکرێت ئەگەر هەر بەرمیل نەوتی بە 100 دۆلار بفرۆشریت بەهاکەی دەکاتە 10بلیۆن دۆلار."
بیلال سەبارەت بەپلانی حکومەت بۆ زیاترکردنی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وتی" بەپی پلانی ڕاگەێدنراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وابریارە ساڵی 2015 ئاستی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتە 500 هەزار بەرمیل نەوت و تاکۆتایی ساڵی 2020 ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەگاتە سەرەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەو شێوەیە ئەگەر تەنیا داهاتی ساڵی 2020 نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین دەکاتە 36بلیۆن و 500 ملیۆن دۆلار."
لە ماوەی ڕابردوودا تانەر یەڵدز وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، لەمانگی ئایاری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
- 04-05-2014