وەک فراکسیۆنی سەوز بەپێویستی دەزانین هەندێ ڕاستی لەسەر بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە (04-05-2014) وهەردوو بەیاننامەی سەرۆکایەتی هەرێم لە (04-05-2014) بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:
1.سەرۆکایەتی پەرلەمان بێ لەبەر چاوگرتنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی دوێنێ بڕیار درا لیژنەیەکی کاتی دروست بکریت بۆ بەدواداچوونی پێشێلکاریەکان ئەگەر سەرۆکایەتی باوەڕیان بە دادگا نیە دەبوایە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەکەی پەرلەمان بکەن نەک لەبری دادگاو لیژنە لەبەیاننامەکەیان بڕیار دەربکەن.
2.بەییاننامەکە بە نەفەسی حزبی و لایەنگیری لایەنێک نووسراوە نەک دامەزراوەی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.
3.لە هەڵبژاردنی 21/9 چەند شەقامێک دوورتر لەبارەگای سەرۆکی هەرێم لەهەولێر گەنجێک بەناوی (سەرکەوت عومەر فەرحان) کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ڕێگری کردن لە تەزویر شەهید کرا، بەڵام بۆچی ئەوکات هەر بۆ ئیدانەش بوایە سەرۆکایەتی هەرێم بەئەرکی خۆی نەزانی بەیاننامە دەربکات، بەڵام بۆ ڕووداوەکەی سلێمانی وا بەپەلەن یان ئەمە وەک ڕووداوی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانە لەهەولێر کە بەتیرۆرست ناوی دەبەن و بەمەش دەڵێن سەروەری یاساو بۆ شەهید کاوە گەرمیانیش لەسەرۆکایەتی هەرێمەوە لیژنەی بۆ دروست دەکەن.
4.دەربارەی ڕای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەی پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ کاندیدکردنی (سەرۆک کۆمار) بەپێویستی دەزانین یاداشتی ئەو 65 پەرلەمانتارەتان بیر بهێنینەوە کە لە خوولی (3)ی پەرلەمان پێشکەش سەرۆکایەتی هەرێممان کرد بۆ ئەوەی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ پرسە چارەنووسازەکان بەگشتیو بەتایبەتی ڕێککەوتنی پێکهێانی حکومەتی عیراقی لەهەولێر کە ئەوکات نەگەڕابوونەوە بۆ پەرلەمان، لە وەڵامدا وتتان سەرۆکی هەرێم بەرزترین دەسەڵاتە لەئاستی ناوخۆیی و دەرەوە نوێنەرایەتیتان دەکات بەگوێرەی (ماددەی دووەم) لەیاسای (1) ی سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە پێویستە مەرجەع بوونی پەرلەمان بەڕای کەسی و پەرچەکردار نەبێـت بەڵکو دەبێـت سەرۆکایەتی هەرێم پابەند بێت بەدەقی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 بەتایبەتی لە ئایندەیەکی نزیک پڕۆسەی دانیشتن و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکرێت وبەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1) ی ساڵی 2005 و ماددەی 56 بڕگەی دوو لەیاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت یەکلاکردنەوەی پرسەکان و ڕێککەوتنەکان بێتەوە پەرلەمان و ئەندامان بڕیاری لەسەر بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی دەزانین لەرابردوودا بپرسین سەرۆکی هەرێم لەکام ڕێککەوتنو کام بڕیار گەڕانەوە بۆ پەرلەمان؟ دەپرسین کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم خۆی ڕەتی کردەوە لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت ئایا ئەمە لەگەڵ بەیاننامەکەیان ناکۆک نییە؟ دەپرسین ئەی ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ تورکیا واژوو کرا بەڕێزیان بەگوێرەی یاسای پەرلەمان گەڕانەوە پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی ڕێککەوتنەکە؟ ئایا ڕێککەوتنەکەی هەولێر کە سەرۆکی هەرێم سەرپەرشتی کردو مالیکی بو بە سەرۆک وەزیران (وەک دەستکەوت بۆ کورد باسکرا) لەپەرلەمان پەسەند کرا؟ یان پەرلەمان ئاگادار بوو؟ ئایا کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم وتار دەدات و کارتی دەوڵەتی کوردی باس دەکات هەرگیز پرسی بە پەرلەمان کردووە کە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵاتیەتی؟
لەکۆتاییدا دەڵێین ئێستا قۆناغی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەرسێ هەڵبژاردنی (پەرلەمان کوردستان، عیراق، پارێزگاکان) و ئەرکمان زەمینە سازییە بۆ ڕێککەوتن چونکە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست هیچ هێزێک ناتوانێ نە لەکوردسان ونەلە هیچ پارێزگایەک بەتەنیا بڕیار بدات و فەرمانڕەوابێت. وەک فراکسیۆنی سەوز پشتیوانی لەمەرجەع بوونی پەرلەمان بۆ هەموو پرسە چارەنووسازەکان دەکەین و ئومێدەوارین دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لەئایندەدا ببێتە پراکتیک و هەموو هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ڕەتدەکەینەوە.
فراکسیۆنی سەوز
لەپەرلەمانی کوردستان
05-05-2014