حکومەتی عیراق، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکاتەوە پابەندبێت بە ڕێکەوتنە ئیمزاکراوەکەی ساڵی 2010ی نێوان هەردوولا، کە لە بڕگەیەکیدا تەئکید دەکرێتەوە، ئه و وڵاتە تەنها لەرێگەی کۆمانیای بەبازاڕکردنی نەوت سۆمۆوە نەوت وەربگرێت.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، ڕایگەیاند : لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا، بڕگەیەک هەیە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسیارێتی هەناردەکردنی نەوتی عیراق لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییە و لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)وە دەبێت و ئەویش نرخ و بڕی نەوتی هەناردەکراو دیاری دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، کە وەفدی دانوستکاری حکومەتی فیدڕاڵ ئه و بڕگەیەیان بۆ حکومەتی هەرێم ڕوونکردووەتەوە و تەئکیدیان لەوەشکردووەتەوە، کە دەبێت نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی سۆمۆ بکرێت بۆ ئەوەی بڕی هەناردە و داهات وەک یەک بن، بەتایبەت کە داهات دەڕوات بۆ بانکێک ساڵانە بەشێکی لێدەبڕن بۆ ئه و قەرزانەی لەسەر عیراق کۆبووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە عیراق پابەندە بە چەند ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتییەوە و ئەندامیشە لە دەستپێشخەری شەفافییەتی پێشەسازییە دەرهێنراوەکان کە عیراق پابەند دەکات بەوەی ورد بێت لە ڕاپۆرتە ساڵانەکانیدا دەربارەی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو. جەختیشیکردەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم وەک ڕایگەیاندووە، بە بێ سۆمۆ نەوت هەناردە بکات، ئەوا حکومەتی عیراقی دەخاتە هەڵوێستێکی شەرمکەرەوە لەگەڵ ئه و ڕێکخراوانەدا، کە پێشتر دەستخۆشییان لە عیراق کردووە بۆ هەوڵەکانی لە بواری شەفافییەتی نەوتیدا.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، ڕوونیکردەوە، زیانی عیراق لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ساڵی 2013 گەیشتە 9 ملیار دۆلار، چونکە لە بودجەی ساڵی ڕابردوودا تەئکیدکراوەتەوە کە هەرێم ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، هەروەها بودجەی 2014 حکومەتی هەرێمی پابەندکردووە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام هەناردەنەکردنی ئه و نەوتە لەم ساڵدا، چەند ملارێکی دیکە زیانی بە عیراق گەیاندووە.
هیواشی خواست ئه و کێشەیە بە گفتوگۆی نیشتمانییانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم چارەسەر بکرێت و بەرژەوەندی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت، چونکە زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانی عیراقن لە هەرێمی کوردستان بن یان پارێزگاکانی دیکە.
لە عەرەبییەوە : سۆران کەریم