پارێزگای سلێمانی، 30%ی سەرجەم پیشەسازیی عیراقی لە خۆی گرتووە، لە ڕێگەی وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەک کارگەی گەورە لە پارێزگاکەدا کراونەتەوە کە لە بەرهەم و قەبارەدا لە سەر ئاستی عیراق و ناوچەکە دەگمەنن.
چەندین کارگەی گەورەش لە ئاستی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە پارێزگای سلێمانیدا دروست کراون و لەمساڵدا هەندێکیان بەرهەمەکانیان دەکەوێتە بازارەوە.
کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس، یەکێکە لە کارگە گەورەکانی بواری بەرهەمێنانی ئاسن و پۆڵا، ئەم کارگەیە دەکەوێتە ناوچەی بازیان لە شاری سلێمانی و بە گەورەترین کارگەی پۆڵا دادنرێت لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ڕووی ڕووبەر و جۆری تەکنۆلۆژیای بەکارهاتوو تیایدا.
کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس، ئێستا هێڵی یەکەمی بەرهەمهێنانی نزیکبووتەوە لە تەواو بووندایە و بریارە مانگی ئابی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنان بکات.
بڕی تێچوونی سەرجەم کارگەکە بە زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت و تا ئێستا نزیکە 500 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج کراوە.
کارگەکە لە قۆناغی بەرهەمهێناندا ساڵانە بڕی یەک ملیۆن و 250 هەزار تەن ئاسن بە قاڵبی جۆراو جۆر بەرهەم دەهێنێت.
کارگەکە بۆ دەستەبەرکردنی کەرەستەی خاو، لەسەرەتاوە پشت بە ئاسنی بەکارهاتوو دەبەستێت و دواتر خۆڵی ئاسن بەکاردەهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسن، هەروەک کارگەکە نزیکەی هەزار هەلی کار دەستەبەر دەکات.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی، بە تایبەت لە کەرتەکانی غەیری نیشتەجێ بوون، گەشەکردنێکی زۆری بە خۆیەوە بینیووە و تەنیا لە ساڵی 2013، وەبەرهێنان لە سلێمانی ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد بەوەی بەبڕی زیاتر لە 5 ملیار و 50 ملیون دۆلار، مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە.
- 12-05-2014