خەندان- محەمەد کەرکووکی
بە پێی ئامارێکی تایبەت لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لە شاری کەرکووک و دەوروبەری شەش ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کچێکیش ڕفێنراوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە دوێنێ بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان ئاماژەی بەوەدابوو کە لەماوەی چوار مانگدا هیچ ژنێک نە کوژراوە.
بە پێی ئامارێکی باوەر پێکراو کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو لە شاری کەرکووک و دەوروبەری شەش ژن کۆتاییان بە ژیانیان هاتووە.
هەر بە پێی ئامارەکە هاتووە لە قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکووک لە لایەن دووکەسەوە دەچنە سەرماڵی هاوڵاتییەک و دەیاندەنە بەر دەسترێژی گولله و له و دەستڕێژەدا ژنێک کوژراوە.
لە گەڕەکی ئەسرای شاری کەرکووکیش لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ژنێکی تەمەن 62 بە ناوی (س) دەکوژرێت.
لە گوندی (عەوادییە)ی سەر بە ناحییەی ڕەشاد لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ماڵی هاوڵاتیەک دەدرێتە بەر دەسترێژی گولله و بە هۆیەوە ژنێک بە ناوی (ن) دەکوژرێت.
هەر بە پێی ئامارەکە لە گەرەکی عروبەی شاری کەرکووک ژنێک بە ناوی (ئ) لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لە ژێر ناوی شەرەف دەسوتێنرێت و کوتایی بە ژیانی دێت.
لە گەرەکی ڕەحیماوای شاری کەرکووک ژنێکی تەمەن 19 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ڕێگەی چەکەوە گوللەیەک دەنێ بە خۆیەوه و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
لە شاری کەرکووک و لە گەڕەکی پەنجا عەلی ژنێکی دیکەی تەمەن 18 ساڵ ئەویش لە ماڵەکەی خۆیانداو لە ڕێگەی حەبلەوە خۆی دەخنکێنێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە خەندانی ڕاگەیاند: لە لایەن دوو کەسەوە کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی ئەسرای شاری کەرکووک دەرفێنرێت و دواتر دووکەسەکە دەستگیر دەکرێن و کچەکەش ڕادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە بەرێوبەری توندوتیژی دژ بە ژنان لە شاری کەرکووک ڕایگەیاندبوو، ماوەی چوار مانگە هیچ حاڵەتێکی ژن کوشتن تۆمار نەکراوە، ئەوەش یەکەمینجارە لە کەرکووک و دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ ژن نەکوژرا بێت.
بە پێی هەواڵێکی پێگەی ئەلیکترۆنی(کەرکووک ناو) عەقید غەریب ئەنوەر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژ بەژنان لە بەڕێوبەراتی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاندبوو: لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی 2014 دا لە پارێزگای کەرکووک لەلایەن ژنانەوە 54 سکاڵا لەسەر پیاوان تۆمارکراوە.
وتیشی: "لە ناو ئەو سکاڵایانەدا 33 حاڵەتیان دژی ئەو پیاوانەیە کە لە ژنەکانیان داوە هەروەها هەشت حاڵەتیشیان تێیدا پیاوەکان هەڕەشەی کوشتنیان لە هاوسەرەکانیان کردووە".
بەڕێوەبەری توندوتیژی دژ بەژنان خۆشحاڵی خۆی نیشاندابوو بەوەی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هیچ حاڵەتێکی "کوشتن و بریندارکردن و ڕفاندنی" ژنان لە کەرکووک تۆمارنەکراوە.
- 12-05-2014