عوسمان محەمەد عەبدوڵڵا
عێراق دەبێتە (وڵاتی پشوەکان) و هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا وەک هەرێمێک لەعێراقدا پابەندی زۆربەی ڕۆژەکانی پشوه و بەفەرمی پەیڕەوی دەکات. لێرەدا مەبەستمانە شیکردنەوەیەکی ئابوریانە بۆ زیانەکانی ئه و حاڵەتە بکەین.
ئەگەر ساڵێک (365) ڕۆژ بێت کە دەکاتە 52 هەفتە و لەهەر هەفتەیەکیشدا ڕۆژانی هەینی و شەممە دەوام نەبێت دەکاتە (104) ڕۆژ ئەمە بەس پشوی هەفتانە، جگە لە(50) ڕۆژی پشوە فەرمیەکان کە خۆی لەجەژن و بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەیی و جیهانیەکاندا دەبینێتەوە، ئەوە بەدەر لە و پشوانەی کە بەهۆی دۆخی کەش و هەواو باری ئەمنی و پرۆسەی سیاسی وەک هەڵبژاردنەکانەوە دێتە پێش، سەرەڕای ئەوەی هەر فەرمانبەرێک بەپێی یاسا بۆی هەیە لەساڵێکدا (30) ڕۆژ مۆڵەت وەربگرێت، هەروەها مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشی و حەج و چەندینی تر، ئەگەر بەروارد بکەین بەوڵاتانی تری دونیا کە پلان و کاتیان بەلاوە گرنگە ئەوا ڕێژەی پشوەکانی ئێره و ئەوێ ئاسمان و ڕێسمانە، بۆ نمونە لەم وڵاتانە جگە لەپشوەکانی کۆتایی هەفتە ژمارەی پشوە فەرمیەکان بەم جۆرەیە (کەنەدا و مالیزیا و کۆریای باشور 11 ڕۆژ، ئەمەریکاو بەرازیل و پاکستان 10 ڕۆژ، تورکیا 7 ڕۆژ، ئیسپانیاو ئوستورالیا و ئەڵمانیا و قەتەر 9رۆژ، چین 5 ڕۆژە، سویسرا 4 ڕۆژ، تایلاند 40 ڕۆژ) هەر ڕۆژێک بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی کاتی کارکارکردن بریتیە لە(8)کاتژمێری کار بەم پێیە لەعێراقدا لەماوەی 150 ڕۆژ پشودا (1200) کاتژمێری کاری بەهەدەر دەڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا کار و دەوام لەدام و دەزگا حکومیەکاندا وەک پێویست نیە، ڕێژەیەکی بەرزی بێکاری شاراوەی تێدایە و سوپایەک فەرمانبەر خراونەتە ناو دامودەزگا جۆراو جۆرەکان بەجۆرێک بەرهەمداری خزمەتگوزارییان لەئاستێکی کەمدایە، بەداخەوە ئێمە لەروی توێژینەوەی زانستی ئابوری و داتاوە زۆر هەژارین نازانین بەرهەمداری فەرمانبەرێک لەدامودەزگاکاندا چەندێکە لەڕۆژێکدا یان لەکاتژمێرێکدا، لەوڵاتێکی وەک ئێراندا کاتی دەوامی ئاسایی (8کاتژمێرە) لەرۆژێکدا بەپێی توێژینەوەکانیان بۆیاندەرکەوتوە هەر فەرمانبەرێکیان لەماوەی ئەوە هەشت کاتژمێرەدا تەنها (65) خولەکە (انتاج الفعلی) یان کاری تەواو دروستی هەیە لەیەکێک لەساڵەکاندا گەیشتۆتە 2کاتژمێر و 6 خولەک واتە ئەگەر کارمەندێک 30ساڵ خزمەتی هەبێت له و ماوەیەدا (2860) کاتژمێر کاری تەواو ئەنجام ئەدا کە دەکاتە (65) هەفتە واتا لەماوەی ئه و سی ساڵەدا تەنها (سێ) مانگ کاری تەوا دەکات، واتە فەرمانبەرێکی ئێرانی لەساڵێکدا تەنها (800 کاتژمێر) کارئەکات هاوکات فەرمانبەرێکی پاکستانی (2200کاتژمێر) کار دەکات لەساڵێدا فەرمانبەرێکی یابانی (4840 کاتژمێر) کار ئەکات، هەروەها تورکیەک (2660 کاتژمێر) و ئەڵمانیەک (3400 کاتژمێر) هەڵبەت وڵاتێکی خاوەن پیشەسازی خاوەن بنەمای بەرهەمهێنان جیاوازی هەیە لەگەڵ وڵاتێکدا کە وڵاتێکی نەوتی (ریعی) بێت، لەوڵاتە پیشەسازییەکاندا یەک ڕۆژی پشوو (0،6) داهات و بەرهەمی نەتەوەیی ئه و وڵاتە دێنێتە خوارەوە.
دوای تەواوبونی جەنگی دوەمی جیهانی گوزارەیەک باوبو لەوڵاتانی پیشەسازییدا دەیانوت "لەدەستدانی خولەکێک کار لەدەستدانی دەرفەتێک بۆ پێشکەوتن" بەڵام لەوڵاتە نەوت فرۆشەکاندا کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەداهانی نەوت دەبەستن نەک 150 ڕۆژ زیاتریش بکرێتە پشو ڕەنگە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان نەبێت، چونکە وڵاتێکی بەرخۆر و مەسرەفگەران، بەڵام کاروباری خەڵک دوادەخات و کاری سەرمایەگوزاری و فەرمی پەکدەخات و گرفت بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان دروست دەکات لەڕوی تەواونەکردنی پرۆگرام و ساردبونەوه و بێزاری خوێندکارو قوتابی...تاد دەگەینە ئەوەی زۆری ڕێژەی پشوەکان لەعێراق و هەرێمدا دەرەنجامی نەبونی سیستەمێکی ئیداری و ئابوری و سیاسی و پەروەردەییە کە گرنگی بەسەرمایەی مرۆیی و کات و کەرەستەکان نادات و لەخەیاڵ پڵاویی و بێ پلانی و وەهمێکی گەورەدا دەژین و سیستەمێکی کلاسیکی کارو ڕۆتینێکی بێ مانا تەواوی دام و دەزگاکانی گرتۆتەوە.
لەهەرێم و عێراقیش بەشێوەیەکی گشتی نە مافی کرێکار دراوە، نە ئەویش مافی بەکارەکەی داوە لەروی ئامادەبون و بەرهەمداری و تواناو لێهاتویی و ئەبدەیتکردنەوەی زانیاری و ئەزمونەکانی کە بتوانێ هاوزەمان لەگەڵ بازاڕی کاردا خۆی بگونجێنێت، لەهەمانکاتیشدا لەمانای پشوش تێنەگەیشتوین کە میانەیەک بێت بۆ ئارامی و خۆسازدانەوە بۆ سەرلەنوێ چونەوە سەرکار و بەرهەمداربون، بۆیە پێویستە لەهەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەت هەبێت کە چەندایەتی و چۆنایەتی پشوەکان ڕێکبخاتەوە، چونکە بنەمای کات و ئیدارەی کات یەکێکە لەبنەما گرنگە کێبەرکێ کە ئێمە ئەمانەوێ تەبەنی سیستەمی بازاڕی ئازاد بکەین ئەبێت ڕەچاوی خێرایی بکەین لەبەرهەمهێناندا.
هەروەها له و یاسایەدا ئەوە ڕێکبخات، ئەگەر ژمارەی پشوەکان زۆر بو قەرەبوی ئه و کاتانە بکرێتەوە کە لەدەستچون، سەرەڕای ئەوەی پشوەکان بەجۆرێک بن ئه و کارمەندانەش بگرێتەوە کە لەکەرتی تایبەتدا کار دەکەن.
- 18-05-2014