وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت، ڕۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیاوە هەناردە دەکرێت.
ئاوێنەنیوز، ئەنادۆڵۆ: تانەر یەڵدز، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا دوای بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆنفرانسی یەکێتی زانکۆکانی قەفقازیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ(پێنج شەممە) لە بارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە ڕایگەیاند، "دانوستانی نێوان بەغداو هەولێر بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە بەردەوامە."
یەڵدز وتیشی، لەمڕۆ بەدواوە ڕۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت، بەڵام ئەو نەوتەی لە لایەن بەغداوە هەناردە دەکرا هێشتا هەر وەک مانگی ڕابردوو ڕاگیراوە.
رونیشی کردەوە تورکیا ئامادەبوونی نیشانداوە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگای بۆڕی نەوتبەری کەرکووک – یومورتاڵیکەوە، لەو هێڵە نەوتییەدا جێگای خاڵی هەیە ئەو بۆڕییە توانای گواستنەوەی ڕۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیلی هەیە.
لە بارەی ئەو سکاڵایانەوە کە گوایا بەغدا لە سەر تورکیا تۆماری کردوون، یەڵدز ڕایگەیاند، "تا ئێستا لەو بارەوە هیچ جۆرە ئاگادار کردنەوەیەکمان پێ نەگەیشتووە، ئەگەر هاتوو ئاگاداری دادگا گەیشتە دەستی تورکیا ئەوا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکرێتەوە."
لە بارەی گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر کۆمپانیا تورکییەکان وتیشی، "دەبێت باسی ئەوە بکەم کە وەزیری دارایی تورکیا بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و تا ئێستا هیچ شتێکی بەو جۆرە ڕووی نەداوە."
- 30-05-2014