بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێیری بازرگانی گەرمیان، لەمساڵدا پشکنین بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 شوێنکار کراوە و له و چوارچێوەیەشدا 150 سەرپێچیکار سزادراون و زیاتر لە 150 فرۆشیاریش خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوویان ڕادەستی لیژنەکانیان کردووە.
حیکمەت ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دراوەتە خەندان، ڕاگەیاند: لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی مایس پشکنینیان بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 شوێنکارکردووە و بەهۆی گرانیی نرخ و هەڵنەواسینی نرخەوه، 64 سەرپێچیکار و بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆریشەوە 37 فرۆشیار سزادراون.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی گەرمیان، وتیشی: هەر له و ماوەیەدا بەهۆی بوونی خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچووەوە 31 شوێنکاری تر سزا دراون و 153 فرۆشیاریش خۆیان خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوویان ڕادەستی لیژنەکانمان کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە بەهاوبەشی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای کەلار و هۆبەی ئابووریی ئاسایشی گەرمیان بەهۆی سەرپێچی لەڕێنماییەکانمان، 18 شوێنکار داخراون کە بریتین لە سۆپەرمارکێت و نانەواخانە و سەمونخانە.
کۆی ئه و خۆراکە خراپ و ماوەبەسەرچوانەش کە دەستیان بەسەرداگیراوە و ڕادەستی لیژنەکانیان کراوە بریتی یە لە زیاتر لە 21 تۆن و بڕی 5 ملیۆن و 850 هەزاریش غەرامەی سەرپێچیکاران کراوە.
- 02-06-2014