نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کردەوە تووندوتیژییەکانەوە تەنها لەماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا زیاتر لە 2900 کەس لە عێراق کوژراون و برینداربوون، بەغدای پایتەختیش لە هەموو پارێزگاکانی دیکە زەرەرمەندتربووە. نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق (یۆنامی) لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ژمارەی کوژراوانی مانگی ئایاری ڕابردوو لە عێراق گەیشتە 799 کەس، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی پێنج مانگی ڕابردووە، لەو ژمارەیە 603 کەسی سڤیل و 196 کەسیشیان سەر بە دەزگا ئەمنییەکانن، هەروەها 1409 کەسیشیان برینداربوون کە 1108 کەسی سڤیل و 301 کەسیشیان هێزی ئەمنین". وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تەنها لە شاری بەغدا 315 کەس کوژراون و 617 کەسیش برینداربوون، لە پارێزگای نەینەواش 313 کەس کوژراون و 248 کەسیش برینداربوونە، لە پارێزگای سەڵاحەدین 94 کەس کوژراون و 146 کەس برینداربوونە، لە پارێزگای دیالە 38 کەس کوژراون و 28 کەس برینداربوونە و لە پارێزگای کەرکووکیش 22 کەس کوژراون و 60 کەسیش برینداربوونە". بەپێی بەیاننامەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان دوا ئاماری کوژراوانی مانگی نیسانی ڕابردوو 750 کەس بووە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراشیکرد کە ئەم ژمارەیە کوژراو و بریندارانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای عێراق لە پارێزگای ئەنبار ناگرێتەوە". بە مەبەستی دەرکردنی چەکدارانی سەربەرێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە(داعش) حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوانی بە درێژایی سنووری ئەنبار سووریا ئوردون دەستپێکردوەو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
- 02-06-2014