پەرلەمانی کوردستان، بێجگە لە موچەی پەرلەمانتاران، بڕی 36 ملیار و 678 ملیۆن دیناری لەساڵی 2013 خەرجکردووە، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لەپەرلەمانتارانی لێکەوتەوه و بەزیادەڕۆیی ئێجگار زۆر ناوی دەبەن.
رۆژنامەی هاوڵاتی لەژمارەی ئەمڕۆیدا سێشەممە (3 حوزەیران 2014) بڵاویکردەوە، بەپێی بودجەی خیتامی ساڵی 2013، پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 48 ملیار دیناری خەرجکردووە، 11 ملیار و 322 ملیۆنی بۆ موچەی پەرلەمانتاران و ئەوی دیکەشی کە دەکاتە 36 ملیار و 678 ملیۆن دینار بۆ خەرجیەکانی پەرلەمان و ئیفاد و بانگهێشتنامه و ڕاوێژکارانی پەرلەمان خەرجکردووە.
دلێر مەحمود، ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی و ئابوری ئاماژە بەزیادەڕۆیی خەرجیەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە ساڵی 2013، بەتایبەت لە ئیفاد و داوەتکردندا، بۆ ئه و مەبەستەش لیژنەی دارایی سەرۆکایەتی خولی ڕابردووی پەرلەمانی ئاگادار کردۆتەوە.
بەوتەی دلێر مەحمود، " کۆمەڵێک پارە لەپەرلەمان خەرجدەکرێت مەسائیلی سیاسییە"، وتیشی: ئێمە ئه و کاتە (خولی ڕابردوو) بەسەرۆکایەتی پەرلەمانمان وت کە زیادەڕۆیی ئێجگار زۆر لەئیفاد و داوەتکردندا هەیە، تەئکیدمان کردەوە کەکەمبکرێتەوە بەتایبەت داوەتە تایبەتەکان.
لەکۆی 49 ملیار دیناری بودجەی پەرلەمان زیاد لە 48 ملیار دیناری لەلایەن پەرلەمانەوە خەرجکراوە ساڵی 2013 ئه و کاتەی ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو
- 03-06-2014