خەندان کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری لایەنەپەیوەندارەکان، لەمساڵدا 250 هاوڵاتیی دانیشتووی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، کە ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە.
نەقیب سامان ئیبراهیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین، بە خەندانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوو، 184 ڕووداوی هاتوچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمارکراون، کە 111 ڕووداویان لە ڕێگاکانی دەرەوەی شارو، 73 ڕووداویش لەناو شاردا بووە، زۆربەی ڕووداوەکانیش بەهۆی تیژڕەوی و پابەندنەبوونی شۆفێرانەوە بووە بە یاساکانی هاتوچۆ.
وتیشی: "بەهۆی ئه و ڕووداوانەوە، 234 کەس بەشێوەی جیاواز بریندارو کەمئەندام بوون، 16 کەسیش گیانیان لەدەستداوه".
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە، کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، 459 ڕووداوی هاتوچۆ له و سنوورە تۆمارکراوە، بەهۆی ئه و ڕوداوانەوە، 443 کەس بریندارو، 35 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
نەقیب سامان، ئاماژەی بەوەدا، لەئێستادا ژمارەی ئه و کەسانەی بەبێ بوونی مۆڵەتی شۆفێری لە ناوچەکەدا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، تاڕادەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لەساڵی ڕابردووشدا 2789 کەس داوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییان کردووە، کە داواکاریی 1709 کەسیان بۆ مۆڵەتی گشتی و، 838 داواکاری بۆ مۆڵەتی تایبەت و، 221 مۆڵەتی گێڕئۆتۆماتیک و، داواکاریی 21 کەسیش بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆرسکیل بووە.
سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە دوو قەزا و نۆ ناحیە پێکدێت و، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین، جگە لە ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکان، زیاتر لە بیست هەزار ئۆتۆمبێلی بێپێشیینەش له و ناوچەیەدا هەیە.
- 04-06-2014