بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لەم ماوەیەدا لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووین لەگەڵ زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربارەی ئەم ڕووداوانەی لەم دواییەدا بەسەر عێراقدا هات. زۆر کەس و لایەن شاهیدن کە لەمێژە هۆشداریم دەدا کە بارودۆخی عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەچێت بەهۆی سیاسەتی چەوت و تاکڕۆیی ئەوانەی دەسەڵاتیان لە بەغدا قۆرخ کردووە. ئێستاکەیش هەر ئەوانە بەرپرسی ڕاستەوخۆن لە پێشهاتنی ئەم دۆخە نالەبارە.
زۆر هەوڵماندا چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و زۆر پێشنیارمان پێشکەش کردن، بەڵام وەڵام و ڕەفتاری کاربەدەستان لەدژ یانیش پشتگوێخستن بوو. هەر لەدوای ساڵی 2003 ئێمە وەک کوردستانی دژی شەڕی تاییفی و مەزهەبی وەستاین، نەبووینە هۆکاری سلبی لەم ململانێیەدا، بەڵکو ڕۆڵی خێرمان بینی تا ئەو ڕاددەیەی پێمان کرا. ئێمە لەگەڵ شیعە وەستاین کاتێک لێیان قەوما و زوڵمیان لێکرا و لەدوای 2003 دژی پەراوێزخستنی سووننەیش وەستاین. ڕەوشتی کورد بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە کە پشتی مەزڵوومی گرتووە.
هەوڵەکانی ئێستا لە لایەن ئەوانەی باجی هەڵەکانی خۆیان دەدەن و شکستیان خواردووە و دەیانەوێ بیکەنە خەتای کورد، بوختانێکی گەورەیە. خەریکن کەلێنێکی وا لەنێوان کورد و شیعە دروست بکەن کە بێگومان بە زیانی گەورەی هەردوولا تەواو دەبێت و دادی ئەو فاشیلانەیش نادات. ئێمە هاوپەیمانێتیی کورد لەگەڵ شیعە بەرزتر دەزانین لە ڕەفتاری چەند کەسانێک کە کاربەدەستن و بەر لەوەی زیان لە کورد بدەن زیان بە شیعە دەگەیێنن.
قەت هەڵوێستی ئیمام موحسین ئەلحەکیم و شەهید سەدر لەبیر ناکەین و ئێمە برایانی شیعە دڵنیا دەکەینەوە کە ئەوانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم ڕەوشە دەیانەوێت شکستی خۆیان بە بوختان دابپۆشن و چەند ساڵە حەقیقەت لە میللەت دەشارنەوە.
ئێستایش ڕەوشێکی تازە هاتووەتە ئاراوە کە پێویست دەکات چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە ئەویش لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکاریانەی ڕوویان داوە و دەبێ شێوەی حوکمڕانی و ڕەوشی سیاسیی پێش ئێستا بگۆڕدرێت.
دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کوردستان زیاتر لە هەر کات ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و ژیانی خەڵکەکەی لە هەر دەستدرێژییەک. ئێمە بەتەواوی کاری تیرۆریستی لە داخوازییە ڕەواکانی برایانی سووننە جیا دەکەینەوە. ئێمە پێکەوە لەگەڵ برایانی شیعە و سووننە ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، بەڵام قەت ناکەوینە شەڕێک کە لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆر شەڕی تاییفەیەک بکرێت و، تەنیا بەشەڕ ئەم گرفتە چارەسەر ناکرێت، دەبێ هۆکارەکان چارەسەر بکرێن و پڕۆسەی سیاسی ڕێگەی ڕاستی خۆی بگرێت، ئەوسا تێکشکاندنی تیرۆریستان زۆر ئاسانتر دەبێت.
جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە عاملی خێر دەبین و پشتگیریی هەر هەنگاوێکی خێر دەکەین، بەڵام دەبێ هەموو لایەک بزانن کە ئەمڕۆ وەزعێکی تازە هاتووەتە ئارا و دەبێ بە واقعبینی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
18ـی 6ـی 2014