بەبۆنەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی گشت خەڵکی کوردستان و، بەڕێزان سەرۆک و جێگر و وەزیرەکانی ئەم کابینەیە دەکەین، وێڕای چاوەڕوانی و دواکەوتنێکی زۆر، بەڵام دەستبەکاربوونی لەو قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی عێراق و ناوچەکەدا، هێز و تواناییەکی زۆر بە کوردستان دەبەخشێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێک و، سەرکەوتنی بەسەر قەیرانەکاندا.
گرووپی ئاشتی ژنانی پارتەسیاسییەکانی کوردستان لە دەسپێکی پرۆسەی دانووستان بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە، هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە کابینەی هەشتەمدا بوونی ئافرەت لە پۆستی وەزارەت و، پێگەکانی تری دەسەڵات فەرامۆش نەکرێت، و خزمەتکردن و باشکردنی ڕەوشی ژیانی ژنان ببێتە بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی کاری حکومەتدا. دیارە هەوڵەکانمان بێ ئاکام نەبوون و ئەوەتا پارتی دیموکراتی کوردستان خانمێکی بۆ پۆستی وەزیر کاندید کردووە، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ بەدەنگەوە هاتنی ئەو پارتە لە مەڕ داواکاری ژنان و، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، لە هەمان کاتدا پیرۆزبایی لەو خانمە بەڕێزە دەکەین و. لەگەڵ هیوای سەرکەوتنمان بۆی و بە دڵنیاییەوە پاڵپشتی دەکەین بە هەموو شێوەیەک.
گوومانی تێدا نییە کە ماف و پشکی ژنان لە کابینەی وەزاری دەبوایە زیاتر بێت لەوەی کە بەدەستی هێناوە، لەمەدا لایەنە سیاسییەکانی تر بە کەمترخەم دەزانین و ڕەخنە و ناڕەزایی خۆمانییان ئاڕاستە دەکەین و، هیوادارین لە داهاتوو و، لە دەرفەتەکانی تردا ئەم لاسەنگی و پەراوێز خستنە چارەسەر بکەن .
لە کۆتاییدا وێڕای پشتیوانی کردنی تەواومان لە کابینەی هەشتەم ، ژنان و گشت خەڵکی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە وەک گرووپی ئاشتی ژنانی پارتەساسیەکانی کوردستان و، هاوبەشەکانمان لە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدنی و ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و کەسایەتی و ڕۆشنبیران، کە لەو هەوڵەدا پشتیوانیان لێکردین، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و خەباتمان، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگای کوردستان دەگاتە دۆخێکی ئاشتەوایی و، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و، چەسپاندنی بەها مرۆیی و مەدەنییەکان لە وڵاتەکەماندا.
گروپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسیەکان
هەولێر 18-06-2014