بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
"نا بۆ پەرتەوازەیی ماڵی کورد، بەڵێ بۆ یەکڕیزی و پاڵپشتی لە پێشمەرگە"
وەک هەموو لایەک ئاگادارن کورد بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و ئەگەر بە هەموو لایەک هەوڵ نەدەین ڕەنگە پڕیشکی ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییەی عێراق و وڵاتانی دراوسێی گرتۆتەوە، بەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەوێت و لەوێوە تەواوی کوردستان تێیدا زەرەرمەند دەبێت.
سەرهەڵدان و بەرپابوونی ئەو جەنگەی ئێستا لە عێراقدا لە نێوان هەردوو مەزهەبی سونەو شیعە دروست بووە، ڕەنگە دێوێکی بۆ لێدان و تێوەگڵانی کورد بێت لەو شەڕە و تێکدان و دروست کردنی پەشێوی بێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەو سۆنگەیەوە ئێمە وەکو فێرخوازانی کورد لە وڵاتی مالیزیا ئەمرۆ دوای کۆبوونەوەمان ئەو خاڵانەی خوارەمان گەڵاڵە کرد و وەک نامەیەکی کراوە لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و ڕای گشتی کوردستانی دەکەین:
1-داوا دەکەین هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان لە دانشتنێکی تایبەتدا چارەسەرێکی حەکیمانە بۆ نەهێشتنی پەرتەوازەیی ماڵی کورد بدۆزێتەوە و لە ڕێگایەوە ئەو کۆت و پەڕژینانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە نەهێڵدرێت وبەڵکو ئەو پەڕژینە بە دەوری سنوری باشووری کوردستان دابێت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و تۆکمە کردنی بناغەی یەکڕیزی ماڵی کورد.
2-پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین و داوا دەکەین هەرچی زووە حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەربکات بە لێدانی خەندەق بەدەوری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، کە لە ئێستادا خۆشبەختانە لە دەستی هێزەکانی پێشمەرگەیە.
3-پاڵپشتی لە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت دەکەین بۆ دەرکردنی بەیاننامە چوار خاڵییەکەی و بڕیاردان لە مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەڵام لێرەوە داوا لە تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هاوڕامان بن لە داواکردن بۆ لێدانی ئەو خەندەقەی زامنی سنوری باشووری کوردستان دەکات.
4- داوا لە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە سیاسەتێکی سەردەمیانە ڕەچاو بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەهیچ شێوەیەکیش سازش نەکرێت لە چۆلکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لەلایەن پێشمەرگەوە.
5- داوا لە تەواوی ڕاگەیاندنەکانی کوردستان دەکەین لە بری زەق کردنەوە و قۆڵکردنەوەی ناکۆکی و قەیرانەکە، لەبری دروستکردنی پشێوی لەرێگەی ڕووماڵی نادروست لە بەرەکانی
شەڕەوە، بە ئاراستەی پێکەوەیی سیاسی و بەهێزکردنی متمانە و ئیرادەی کورد کارەکانیان ئاراستە بکەن.
6-داوا لە تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین لە کوردستان، بە ئاراستەی فرەیی و پێکەوەیی ژیانی سیاسی، ئایینی، فەرهەنگی و... هتد لەناو کوردستانیاندا پرۆژەکانیان گەڵاڵە و ئاراستە بکەن.
وێنەیەک بۆ:
- سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
- سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کردستان
- پارت و لایەنەکانی سیاسی
- دەزگاکانی ڕاگەیاندن
- کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەیی مەدەنی لە کوردستان
فێرخوازانی کورد لە وڵاتی مالیزیا
18-06-2014