کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری لقی ڕانیەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چوار کرێکاری ناوچەکە، لەکاتی کارکردنیان لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
ئازاد جونێد، لێپرسراوی لقی ڕانیەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بە خەندان-ی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران، چوار کرێکار لە سنوری قەزای ڕانیە، لەکاتی کارکردنیان لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
ڕوونیشیکردەوە، مردنی دوو لە کرێکارەکان، بەهۆی خنکان بووە لە ئاودا، یەکێک لە کرێکارەکانیش لەکاتی کاردا بلۆکی بیناسازی بەسەر جەستەیدا کەوتووە، کرێکارێکیش بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لەسەر تراکتۆر بۆتە قوربانی.
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە، کە ساڵی ڕابردوو هەشت کرێکار لە سنوری ڕانیە بە ڕوداوی جیاجیا بوونەتە قوربانی و هۆکاری زۆربەی ڕوداوەکانیش پابەند نەبوونە بە مەرجەکانی سەلامەتی لەکاتی کارکردندا.
لای خۆیەوە، حسێن محەمەد، هەڵسوڕاوی بواری مافەکانی مرۆڤ و، داکۆکیکار لەمافەکانی کرێکاران، لەڕیگەی خەندانەوە، دوو داواکاری ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە وتەی خۆی، لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی کرێکاراندا پێویستە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێن.
داواکاریی یەکەمی حسێن محەمەد، پێکهینانی لیژنەیەکە لە پسپۆڕانی بواری سەلامەتی کار، کە نوێنەری هەڵبژێردراوی کرێکاران لە ناوەندە جیاوازەکانی کاردا لەخۆبگرێت، کاربکات بۆ ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ناوەندەکانی کار بۆ پابەندبوونیان بەمەرجەکانی سەلامەتی کار و زەمانەتی ژیان، کە نەبوونی بۆتە هۆی کارەسات بۆ گیانی کرێکاران و خێزانەکانیان.
لە دووەم داواکاریشیدا، ئه و داکۆکیکارەی مافەکانی کرێکاران داوادەکات، حکومەتی هەرێم کاربکات بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی کرێکارانی گیانبەختکردوو، ئەویش بەدابینکرنی مووچەیەک بەگوێرەی پێداویستیەکانی ژیانیان.
- 06-07-2014