کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لەماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 11 هەزار و 850 دۆنم پوش وپاوەن و دارستانی سروشتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی سوتاون، بەوهۆیەشەوە 7 کەس دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوه بە گومانی ئەوەی کە دەستیان لە سوتانی ئه و شوێنانەدا هەبێت.
لە هەندێک ناوچەی سنووریی لە هەرێمی کوردستان، سوتانی پوش وپاوەنی جوتیاران وەک دیاردەیەک بەدیدەکرێت، شارەزایانی بواری ئابووریش، ئەمە بە زیانێکی گەورە دەزانن بۆ ژێرخانی ئابووریی هەرێم و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەدواداچوونی ورد بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەوجۆرە کارانە بکرێت و کەسی تاوانبار بەتوندی سزا بدرێت.
ئابووریناس سەعید ئەنوەر حەمە بە خەندانی ڕاگەیاند، "بە سوتانی زەویی داچێنراو بە گەنم و جۆ، جگە لەوەی بەرهەمی ماندووبونی ساڵێکی جوتیارەکە بەهەدەر دەچێت، لەولاوەش زیان بەر کەرتی کشتوکاڵ و ژێرخانیی ئابووری وڵات دەکەوێت".
وتیشی: دەرکەوتووە بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ، بەدەستی ئەنقەست بووە، بۆیە پێویستە سزای توندی یاسایی بۆ ئەو کەسانە دەربچێت کە بەکاری لەوجۆرە هەڵدەستن.
سەعید ئەنوەر حەمە ئەوەشی خستەڕوو کە، "تائێستاش ئەو تیمانەی بۆ کوژانەوەی ئاگرکەوتنەوەکان ئامادەکراون، بەئامێری سەرەتایی کارەکانیان ئەنجامدەدەن، لەکاتێکدا پێویستە پۆشاک و پێڵاوی دژە ئاگر و فڕۆکەی تایبەت بە کوژانەوەی ئاگری دارستان و ڕەز و باخەکانیان بۆ دابینبکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆرجار جوتیاران خۆیان دەبنە هۆکاری سوتانی بەرهەمەکانیان، کاتێک بە کەمتەرخەمییەوە بۆ چالێنان و چێشت لێنان لەسەر زەوییەکانیان ئاگر دەکەنەوە، دواتر ژیلەمۆی ئاگرەکە بە با دەگەشێتەوە و دەبێتە هۆی سوتانی دانەوێڵەکانیان.
ئه و ئابووریناسە، داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد، بە هەوڵی زانستییانە کاربکەن بۆ ڕێگرتن لەتەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکان.
- 09-07-2014