هەڵوێست ئەنوەر
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە کە بەرهەمێنانی نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 360 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 50 بەرهەمی نەوتی زیادکردووە کە دەگاتە نزیکە 130 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر له و بڕەی کە لەمانگی ئایاردا بەرهەمدەهێنرا.
ڕاپۆرتەکەی (EIA) ئاماژەشی بەوەداوە ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا حکومەتی عیراقی لە ململانێدایە لەگەڵ گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای وڵات کە بووەتە هۆی داخستنی پاڵاوگەی بێجی کە گەورەترین پاڵاوگەیە لە عیراقدا و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆ 360 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەگوێرەی ئاژانسەکە ئه و بۆرییە نەوتییەی کە ئێستا ڕۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم ڕەوانەی تورکیا دەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بە لایەنی کەمەوە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردەبکات.
ئەمە لە کاتێکدا ئاشتی هەورامی وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو لە بەرنامەیاندایە لە کۆتایی ئەمساڵدا لە ڕێگەی بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بۆ تورکیا هەناردە بکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەکاتی خێرا زیاتربوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەوانەیە ببێتە کێشە.
11-07-2014