ئەو کچە خۆکوژەبوو کە ساڵی 2008 بە مەبەستی خۆتەقاندنەوە بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر لەلایەن هیزەکانی ئاژانسی پاراستن دەستگیرکرا.
دوعا خوشکی سەجا حەمید دلێمییە و خێزانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش"ه، کە باوکیان حەمید دلێمی، یەکەم دامەزرێنەر و ئەمیری داعش بوو لە سووریا.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکات ساڵی 2008، لە هەواڵێکدا لە زاری بەرپرسێکی ئاژانسی پاراستن بڵاویکردەوە: "دوعا دانی بەوەداناوە کە سەر بە ڕێکخراوی قاعيدەیە و خێزانی یەکێک لە چەکدارانی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامییە بەناوی فراس".
لە هەواڵەکەدا ئەوەش هاتبوو "ئەو ویستبووی لە شوێنێکی قەرەباڵخ خۆی بتەقێنێتەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی مێردەکەی بە دەستی چەکدارانی هێزی سەحوە". بەرپرسەکەی ئاژانسی پاراستن ئەوەشی گوتبوو "پشتێنەکەی دوعا 80 کیلۆگرام ماددەی سیفۆری تێدابوو و لە کەرکووک ئامادەکرابوو".
دوعا حەمید دلێمی ساڵی 1991 لە دایکبووە، لە تەمەنی 17 ساڵیدا شووی بە یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق- قاعیدە بە ناوی "فراس" کردووە و ساڵی 2008 لە هەولێر دەستگیرکرا.
- 16-07-2014