بۆ/ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
بۆ/ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ
بۆ/ حکومەتی فیدراڵی عیراق
بۆ/ حکومەتی هەرێمی کوردستان
رای گشتی...
ماوەی چەند ڕۆژێکە و بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری موسل و هاتنی چەکدارە توندڕەوەکان بۆ ئەم شارەو دەوروبەری، هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی بەگشتی و پێکهاتە ئاینیەکانی تری وەک (مەسیحی و یەزیدی و شەبەک) ی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ڕووبەروی کوشتن و دەرکردن و سەرانە وەرگرتن بونەتەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکان، ئەوەش تەنها بە هۆی جیاوازی ئاینی و تایفی ئەو خەڵکەیە لەگەڵ ئەو گروپانە، کەلە کاتێکدا ئەو جۆرە کارانە دژی هەموو ئاینێک و ئازادی بیرکرنەوە و بەها مرۆییەکان و برگەکانی جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، کە هەموو مرۆڤەکان ئازادن لە مافی ژیان و هەڵبژاردنی ئایین و بیرکردنەوە. بۆیە ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە ڕوودەدات دەچێتە چوارچێوەی کارەساتێکی مرۆیی و پێشلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و داگیرکردنی موڵک و وێرانکاری بۆ سەر ماڵ و گیان و خاکی ئەو خەڵکە ڕەسەنی نیشتەجێی شاری موسڵ و دەورووبەری، کە ئەو چەکدارانە دەیانەوێ لە ژێر فشارو بەرنامەیەکی داڕێژراو کۆتایی بەو ئایین و میللەتانە بهێنن کە جیاوازن لە بیرکردنەوەی ئەوان، ناسنامە و کەلتوری ڕەسەنی دانیشتوانی ئەوناوچانە کۆتایی پێبینن. بۆیە ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان وێرایی ئیدانەکردنی ئەو هەڵمەتی قڕکردن و لە ناوبردن و کارە دژە مرۆڤایەتیەی بەرامبەر بە ئاینزاو و نەتەوە جیاوازەکانی ئەو ناوچانە دەکرێت، داواکارین لە حکومەتی عیراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەموو هەوڵ و ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ ڕێگرتن لەو کارەساتە مرۆییە و بەهانای ئەو خەڵکە چەوساوەو لێقەوماوە بێن کە لە سەر خاک و ماڵ و جێگەی خۆیان دەربەدەر دەکرێن و لە ناودەبرێن و ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبن، چونکە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرە بۆ هەرێمی کوردستان بەدەرە لە توانای حکومەتی هەرێم بەتەنها کە لە ئێستا دا لە بارودۆخێکی نە خوازراوو سەخت ژیان بەسەر دەبەن و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هاوکاریی و ئاسانکاریەک بکات بۆ دابین کردنی شوێن و پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
20-07-2014