ماوەی چەند ڕۆژە هەندێ سایت و میدیای سەر بە دەستەڵاتدارانی بەغدا لە درێژەی چەواشەکارییەکانیان لەدژی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانی کردووە و بەرپرسانی ئێرانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووس و چوونی پێشمەرگە بۆ #کەرکووک# دەربڕیوە و چەند میدیاییەکی ناوخۆی کوردستانیش ئەم هەواڵە ناڕاستەیان لەوانەوە گواستووەتەوە.
لێرەدا بە گشت لایەک ڕایدەگەیێنین کە سەرتاپای ئەم هەواڵە دروستکراوە و دوورە لە ڕاستی و بەڕێز سەرۆکی هەرێم بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئێرانی نەکردووە و سیاسەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانیش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووسی گەلی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کە گەلی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت و پەیوەست بە قەیرانی عێراقیش، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە یارمەتیی خوشک و برایانی شیعە و سووننە بدات بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و لە هەمانکاتیشدا کار بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و یاساییەکانی پیادەکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان دەکات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
22ی 7ی 2014