ناو: عەلی
نازناو: عەلی کەردار
شوێنی لە دایکبوون: باخچە ی بنای چیای میرقازی شاری #بۆکان#
ساڵی لە دایکبوون: 1928
ساڵی کۆچی دوایی: #14-08-2002#
$ژیاننامە$
ساڵی 1928 لە ئاوایی باخچەی بناری چیای میرقاز، سەربە شاری #بۆکان# لە دایکبووە. #حەیران# و بەیت و باوی لە دەمی خۆشخوانانی وەک (ساڵە کوردە، کەریم ملخوار و ڕەحمان لێفەدروو)، قۆزتۆتەوە و بە زەوقی خۆی وەریگرتوون و وتوونییەتەوە. حەیرانی بە ھەر سێ شێوازی دەشتی #ھەولێر# و بەری #سۆران# و دیوی #مەنگوڕ# و گەورکان وتۆتەوە. شێوازی وتنی بەیتەکان لە زاری عەلی کەردارەوە تایبەت بە خۆیەتی و سۆزی دەنگ و حەزی شاراوەی ناو قوڕگی وای کردووە لاسایی کردنەوەی مەحاڵ بێت.
عەلی کەردار جگە لە حەیران و بەیت، وردەمەقام و بەندیشی وتوون. وردەمەقامەکانی مۆرکی خۆی پێوەیە و وتنی لە وتنی کەس ناچێت و لاساییکردنەوە نین. کەردار جگە لەو ھونەرانەی ھەیبوون قسەخۆش و نوکتەزان و بەمشووریش بووە، لەناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا ڕووی ھەمووان لەوی بووە. ھەقایەت و چیرۆکانیشی زۆر زانیوە و لە مەجلیسان وتوونی. خەڵک بەحورمەتەوە لێیان ڕوانیوە و قسەیان لێ وەرگرتووە و لە ناوبژیدا کەس قسەی نەشکاندووە. بە ھەر ھۆیەکەوە بێ زۆر خووی نەداوەتە تۆمارکرانی دەنگ و ڕەنگی و لەو دەریا بێسامانەی فولکلۆری کورد ئەوی لە خنکان قوتار بووە زۆر نین و ھەمووشیان عەنتیکەن.
لەو سامانە بێ نەزیرەی ناو سینە و دەنگی بەسۆزی عەلی کەردار تا ئێستا ئەم بەرھەمانە بە تۆمارکراوی لە بەر دەستن:
بەیت: سەیدەوان، ناسروماڵماڵ، لەشکری، شەم و شەمزین، کاکەمیر و کاکەشێخ، کانەبی، برایمۆک، خەج و سیامەند، عەبدوڕڕەحمان
بەند: سوارۆ، پاییزە، بەھارە، ئازیزێ، وەرە زاڵم، ئایشێ گوڵ، گەلۆ، ڕۆی مەحشەرە ئیمڕۆ
وردە مەقام: وەخەی وەخەی خەزاڵێ، نیزام نیزام، کیژ دەڵێت خۆشم دەوێ، گوڵاڵە سوورە، بەری بەیانە، ڕاوچییان ڕاوە، ئەی یار ئەی یار، مەلەک بۆ وا دەکەی، ئایشیلێ ئەمان، دەڵێت ھات ڕابرد، خاڵۆی ڕێبوار، کراس ڕەشێ، لە گوڵان و لە گوڵان
عەلی کەردار ڕۆژی 14 گەلاوێژی ساڵی 2002 لە تەمەنی 74 ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کردووە و ھەر لە گۆڕستانی ئاوایی باخچە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردراوە.
[1]