راگەیەندراوێکی یەکێتیی
سەبارەت بە دۆخی عەسکەری ئێستا
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر بۆ نەتەوەکەمان و ناوچەکەو تەواوی جیهان دەرکەوت، کە تیرۆریستە ڕەشە کوژەکان، دوژمنی نیشتمان و نەتەوەو دیموکراسی و ئازادی وڵاتان و گەلان و ئازادیخوازانی ناوچەکەن، بەتایبەتی عیراق و کوردستان، بەمەش سەنگەرەکان، لەڕووی بابەتی و لەبۆتەی خەباتدا، لەیەک جیاکرانەوە، سەنگەری بەرگری ئازادیخوازان، بەرامبەر سەنگەری ئاشکراو نهێنی سەلەفی و کۆنەپەرستان.
ئەگەر.. پێشتر، بەرچاوی هەموو لایەکمان ڕۆشن بوایە کە تیرۆریستەکان چەند مەترسیدارن، ئێستا لەتێکشکاندنی ئەم هێزە تاریکخوازە باشتر سەردەکەوتین.
ئێستاش، سەرەڕای ئەوەی شەڕێکی سەرانسەری، لەقەزای خانەقینەوە، هەتا شەنگال، بەسەراپای هێڵەکانی بەرەنگاری پارێزگای کەرکووک و دووزخورماتوو، قەرەتەپە و جەبارە، مەخمورو دەوروبەرییەوە، یەکەمینجارە لەمێژووی کوردستان و کوردایەتی-دا، پێشمەرگە، شەڕێکی بەرەیی لەڕووبەری زیاتر لەهەزار کیلۆمەتردا، سەنگەری گرتووەو پەیتا پەیتا لەشەڕدایەو توانیویشیەتی نەک هەر هەرێمی کوردستان، وەکو سێ پارێزگاکە بپارێزێت، بەڵکو پارێزگای کەرکووک و خانەقین و گەلێ ناوچەی تریشی لەپارێزگای نەینەواو شوێنانی تریشی پاراستووە، لەهەمانکاتدا، جێی داخە، لەناوچەی شەنگال و هەتا ڕادەیەک لەناوچە ئێزدیی-نشینەکاندا، سەرکەوتنی چاوەڕوان نەکراوی تیرۆریستەکان، هەستی نەتەوایەتی کوردستانیان و تەنانەت، ڕای گشتی جیهانیشیان، هەژاندووە.
ئەی خەڵکی دڵسۆز!
ئەم تیرۆریستانە، شەڕی ناوبەناویان، لەگەڵ گەلی کوردستان، بەپشتیوانی دوژمنانی دیموکراسی، گۆڕیوە بەجەنگی ڕاستەقینەی فراوان، بۆیە گەلەکەمان ئێستا لەشەڕدا نییە، بەڵکو لەجەنگێکی سەرانسەریدایە بەرامبەر هێزێکی تیرۆریستی نێونەتەوەیی.. نەک ناوچەیی. بۆیە، جارێکی دیکە، دروشمە دێرینەکەی گەلەکەمان، بۆتەوە چارەنوسمان.. ئەویش (کورستان یان نەمانە)، گەلەکەشمان، بەتاقیکردنەوەی سەدەی ڕابردوو، دەزانێ جەنگێکی فراوانی ئاوها، لەهەندێ شەڕگەو لەهەندێک شوێندا پاشەکشەی سەربازی کاتی، لەتەواوی جەنگەکانی جیهاندا، ڕوویداوەو ڕووش دەدات، بۆیە، ئێمەی گەلی کوردستانی قاڵبووی خەباتی پێشمەرگایەتی، دەبێ وریای ئەوەبین، نەسەرکەوتنی گەورەو بچوک بێباکمان دەکات، نەپاشەکشەی سەربازی و تاکتیکی شەڕگە گۆڕین، ئیرادەی سەرکەوتنمان لاواز دەکات.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، بەم ڕاگەیاندنە، دەمانەوێ گەلەکەمان لەچەند خاڵێک ئاگادار بکەینەوە کەوا.
یەکەم: بەڵێ.. لەهەندێ شوێندا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای شەڕێکی قارەمانانەو دەیان شەهیدو سەدان بریندار، پاشەکشەی کردووە.
دووەم: لەسەرانسەری سەنگەرەکاندا، پێشمەرگە، بەورەیەکی کوردانەی کوردایەتی ئازادیخوازانەوە، شەو و ڕۆژ، بەرگری لەکورد و کوردستان، دەکەن و درێغیان نەکردووە.
سێهەم: سەنگەرەکان، سەنگەری تێکڕا هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، هیچ جیاوازییەکی حزبی لەنێوان پێشمەرگەی کوردستاندا نییە، بڕیاری سیاسی و بەرنامەی عەسکەری پەسەندکراوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە سیاسییەکان، جێبەجێ دەکرێت.
چوارەم: سیاسەتی پاراستنی کوردستان و ئیرادەی کوردایەتی و سووربوون لەسەر کوردستان یان نەمان، ئێستا زیاتر لەڕابردوو، لەویژدان و ناخی هەموو هێزە کوردستانییەکان، لەسەراپای کوردستاندا، جۆشی مەردایەتی و کوردایەتی دەخوات، هەر بۆیە جێی خۆیەتی، سوپاسی بێ پایانی (هێزەکانی هەڵمەت) لەباکورو ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، کە گیان لەسەردەست بەهانای شەنگالییەکانەوە چوون و بە بەختکردنی گیانی خۆیان، گیانی دەیان هەزار کەسیان، لەمەرگی تینوێتی و برسێتی و ڕەشەکوژی ڕزگار کرد، ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی هێژایە، کە دڵنیابین، قارەمانانی نەتەوەکەمان، دژی ئەو تیرۆریستانەی سنوری دەیان وڵاتیان بڕیوە، بۆ ئەوەی ئازادی گەلەکەمان زەوت بکەن، هەرگیز درێغی ناکەن.
لەکۆتایشدا دەڵێین: داوامان وایە، گەلەکەمان، لەم جەنگەدا، وریای جەنگی دەروونی بێ، چونکە، تیرۆریست و بەعسییەکان و شۆڤێنییەکانی عەرەب و ناوچەکە، جەنگێکی دەروونی فراوانیان دژی ورەو ئیرادەی کورد، وروژاندووە، کەجێی داخە، لەهەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنی کوردستاندا، ئەم جەنگە دەروونییە ڕەنگی نالەباری داوەتەوە، بێگومان میدیاکان دەبێ بزانن.. کە بەرەنگاری و جەنگێکی چارەنووسساز، بەرپرسیارێتییە.. نەک لیبرالییەتی هەواڵ!
جەماوەری خۆڕاگر!
پێشمەرگەی کوردستان!
نەتەوەکەمان، بەردەوام بارودۆخی خەتەرناکی لەهەر چوار بەشەکەی کوردستاندا، دیووە، کیمییاباران و ئەنفالکردنی تێپەڕاندووە، گەلەکەمان دڵنیادەکەینەوە، لەم جەنگەشدا دژی دوژمنی ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایەتی، زوو یان درەنگ، هەر سەر دەکەوین.
ئەی گەلی ئازادیخوازمان!
گەلان ڕاهاتوون بەرگەی قوربانیدان و ڕووداوی خوێناوی بگرن، هەر شەهیدێکیش لەو پێناوەدا ببەخشن، نەمرن و دەبنە ئەستێرەیەکی گەشی مێژوو، بەڵام کوان دوژمنانی دیموکراسی لەمێژوودا؟ لەچ لاپەڕەیەکی ڕەشدا ناویان نوسراوە؟ جگە لەشەرمەزاری و شکست و سەر شۆڕی.. چی بۆ دوژمنانی گەلان و دیموکراسی ماوەتەوە؟
ئەی خەڵکینە!
بەهەر ڕێگایەک دەتوانن.. بەچەک، بەیارمەتی، بەباربوو، بەباوەشی گەرمی کوردانە، بەپێکەنین و سڵاوی دڵسۆزانە.. تەنانەت بەقسەی خۆش، پشتیوانی پێشمەرگەبن، لەهەمووشی گرنگتر و کاریگەرتر، ئەوەیە کە بەرپەرچی دوژمنان بدەنەوە لەم جەنگە دەروونییەی بەرامبەر گەلەکەمان بەرپایان کردووە، لەسەرکەوتنیش دڵنیاین، لەپاراستنی کوردستان و ئازادی دڵنیابن.
-بژی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە
-بژی ئیرادەی لەشکان نەهاتووی کوردایەتی
-نەمری بۆ شەهیدان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
08-08-2014