لەسەرو بەندی ڕوداوەکانی ئەم دواییەداو لەگەڵ هێرشە دڕندەکانی داعش بۆ سەر شارو شارۆچکەو گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.. قسەو باسی ئێجگار زۆر لەسەر میدیای کوردی کراوەو دەکرێت، لە زۆر شوێن ناهەقی دەرهەق بە میدیا دەکرێت، لە زۆر شوێنیش هەندێک لە میدیاکان بەدەر لە هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی لە ژێر بڕو بیانوی بێلایەنی و ستراتیژی کەناڵ، ئەرکی خۆیان لە ڕوی ئیتیک و کارکردنی کوردانەوە خستۆتە ژێر پرسیاری قورس و نەبوردراوەوە.. هەندێک لەم کەناڵانە بەبێ گوێدانە بەرپرسیارێتی سەرشانیان و هەستیاری قۆناغەکەو ترسناکی لایەنی بەرامبەر کە (داعش)ە، ئەو بەیاننامەو ڕێنمایی و ڕاسپاردانەیان پشتگوێ خست کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان و ڕێنماییەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە لەسەر بارودۆخی هەرێم و ڕەفتاری میدیاکارانەوە بڵاوکرابوونەوە..
بەداخەوە دەڵێین تا ئەمرۆش هەندێک لە کەناڵەکان ڕێز لە شەهیدەکان ناگرن و بە زاراوەی قوربانی و گیان لەدەستدان و چەندین وشەی داتاشراوی تر گوزارشت لە پێشمەرگەی شەهید دەکەن و لە هەندێک کەناڵیش هەواڵ و ڕاپۆرتی هەڵبەستراو بڵاودەکەنەوە کە سەرلەبەری گیانفیدایی هێزەکان و خۆبەخشینی هەرێم و پارچەکانی تری کوردستان مایەپوچ دەکەنەوە، هەندێک کەناڵی تریش نهێنی سەربازی و جۆری چەک و جوڵەی هێزەکان بەجۆرێک بڵاودەکەنەوە کە دەبێتە مایەی سود بۆ دوژمن و مایەی زیان بۆ سەرجەم هێزە چەکدارەکانمان کە لە شەری سەروماڵی بەرگریدان چ لە باشوری وڵات یان لە ڕۆژئاوا، ئەمەش بوە مایەی نیگەرانی شەقامی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و گوێ نەدان بەو بانگەوازەی کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و (IFJ) لە بەرواری (16)ی حوزەیرانی (2014) بڵاویان کردەوە..
بۆ ڕێگرتن لەم پێشێلکاریەی بەرامبەر بە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دەکرێت و بەهەند وەرنەگرتنی بیرو هەستی کوردانەو نەتەوایەتی، وا ئێمە جارێکی تریش لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕووی دەممان دەکەینە سەرجەم خوشک و برا ڕۆژنامەنووسەکانمان لە کەناڵەکانی بینراو بیستراو خوێنراو ئەلکترۆنی و داوایان لێ دەکەین پابەند بن بەو ڕێنمایی و پرنسیپە جیهانیانەی کە کاری ڕۆژنامەوانی دەکەنە زانست و کاری ڕاستەقینەی میدیایی لەسەر بنیات دەنرێت.
سەلامەتی بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنوسان و سەرکەوتن بۆ کوردستان
18-08-2014
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان