رەهێل سەمەد
هەروەک پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاری لەسەردا بوو سبەی(10ی ئەیلولی 2014) یەکەم زەنگی ساڵی تازەی خوێندنی (2014 - 2015) لێدەدرێت، وتەبێژی وەزارەتی ناوبراویش ئاماری خوێندنگا و مامۆستا و خوێندکارانی هەرێم بۆ خەندان ئاشکرا دەکات.
فاتح مەولەوی زادە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: " وەزارەتی پەروەردە بریاریداوە دەوامی ئاسایی ساڵی نوێی خوێندن سبەینێ ڕۆژی چوارشەممە(10ی ئەیلولی 2014) دەستپێدەکات، بۆئەمەش یەکەم زەنگی خوێندن لە خوێندگایەکی هەولێر وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێم لێدەدرێت."
فاتح مەولەوی زادە وتیشی"بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵانی ڕابردوو شەش هەزار و 734 خوێندنگا و119هەزار و 636 مامۆستا و یەک ملیۆن و 673 و 760 خوێندکاری ئامادەیی وپیشەیی و بنەڕەتی و باخچەی ساوایانمان هەیە ، بۆئەمساڵیش ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت، بەڵام تاکو ئێستا ئامارەکان بەتەواوەتی کۆنەکراوەتەوە."
ئەوەشی ڕاگەیاند" هەرلە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەری ناوچەکانی تری عێراق ڕوویان لەشارەکان کردووە وەزارەتی پەروەردە 69خوێندنگای عەرەبی بۆ 35هەزار و 629خوێندکار کردۆتەوە، بۆئەمەش یەک هەزار و 978 مامۆستای دابینکردووە."
لەبارەی ئەو خوێندگا وقوتابخانانەی ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وتی: ژمارەی ئەو قوتابخانە و خوێندگایانەی ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە زیاتر دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، خوێندن لەو شوێنانە بۆ ماوەیەک دوادەخرێت، بەڵام پۆلی 12ی ئامادەیی لەشوێنی تر جێگایان بۆ دەکرێتەوە، چونکە بەهۆی هەستیاری قۆناغەکە ناکرێت دەوامی ئەوان دوابکەوێت.
- 09-09-2014