ئەردەلان یوسف محەمەد ناسراوە بە (ئەردەلان مام وسو دزەیی)، کوری پێشمەرگە و شەهید (مام وسو دزەییە). لە ساڵی 1972 لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگە و شۆرشگێر لە شاری قەلادزی هاتووتە دونیا. لە (1974 تا 1991) ئاوارەی ئێران بووە.
قۆناغەکانی خوێندن تا ئامادەیی لە شارە جیاکانی ئێران و کوردستان لە (هەمەدان، نەغەدە و ڕانیە) تەواو کردووە و بکالۆریوسی لە (کارگێری کار) بە پلەی زۆر باش هەیە. بە (کوردی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی) دەدوێت و تا ڕادەیەکی باش لە زمانی (عەربی) شارەزایە.
لە (1986) پەیوەندی بە (یەکیتی قوتابیان و لاوان) کردووە و دواتر لە (1988) بووتە پێشمەرگە، لە کاری ڕێکخراوەیی و کۆمەڵگای مەدەنیدا چالاک بووە. پەیمانگای ئاکادیمیای کادیرانی پارتی بە پلەی (زۆر باش) تەواو کردووە و چەندین خولی لە بوارەکانی (رەوشنبیری، هەلبژاردن، ڕاپرسی، کومەڵگای مەدەنی، دیموکراسیەت و بانگەشەی هەلبژاردن و.... هتد) کردووە. لە زۆر کونگرەی دیکەی (زانستی، وەرزشی، ڕەوشنبیری و ئاوەدانکردنەوەی قەڵادزی و... هتد) ئەندامی کارا بووە.
ئەم پەرتووکانەی خوارەوەی لە بەردەست خوێنەرانە:
میژووی میسوپۆتامیا و زاگروس، پیش ماد تا کوتایی ساسانیەکان، (وەرگیران)، (4 بەرگە).
جەنگی نیشتیمانی ئێرانیەکان لە چالدێران، (وەرگێران).
(رێبەری گەشتیاری کوردستان)، (دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم)، بە فارسی.
خاوەنی ئیمتیازی گوڤاری (زنارە) کە (49) ژمارەی لێ کەوتووتە بەردیدەی خوێنەرانی بەرێز و لە ڕانیە دەردەچوو. لە سایتەکانی ئینترنێت و لە گۆڤارەکانی (زنار، ڕامان، کاروان، هەرێمی کوردستان، ڕێنوێن و ڕێ و... هتد) دەیان بابەتی نوسین و وەرگێرانی بڵاو بۆتەوە.