رەهێل سەمەد
بەگوێرەی ئاماری بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەرۆژی یەکەم و دووەمی جەژنی قوربان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، بە پێچەوانەوە سەرپێچیەکان زیادیکردووە.
فازل حاجی، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە خەندانی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی یەکەم و دووەمی جەژنی قوربان پێنج ڕووداوی هاتۆچۆ تۆمارکراوە و بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربوون.
فازل حاجی وتیشی: له و ڕووداوانە هیچ کەس گیانی لەدەستنەداوە و ئەمەش دەریدەخات کە ڕووادەکانی ئەم جەژنە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمتربووە.
بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی ڕاگەیاند: پێچەوانەی ڕووداوەکان سەرپێچی هاتوچۆ بەتایبەتی تیژڕەوی لەلایەن شوفێرانەوە زیادیکردووە، چونکە تەنها لە دوو ڕۆژی جەژنی قوربان لە سنوری پارێزگای هەولێر چوار هەزار و 400 حاڵەتی سەرپێچی تۆمارکراوە، ئەم ڕێژەیەش لە ڕۆژانی ئاسایی زیاترە.
سەبارەت بە ئاماری ڕووداوەکانی ڕۆژانی سێیەم وچوارەمی جەژن وتی: ئامارەکان ئامادە نەکراوە و هەوڵدەدرێت لەگەڵ تەواوبونی ڕۆژانی جەژن ئامارەکانی هەرچوار ڕۆژەکە ڕابگەیەنن.
- 07-10-2014