رەهێڵ سەمەد، هێڤی خالید
بە وتەی بەرپرسانی هاتوچۆی هەولێر و سلێمانی، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا لە سلێمانی 16 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ بریندار بوە و هەولێر شەش کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ برینداربوون و چوار هەزار سەرپێچیش تۆمار کراون.
بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەماوەی چوار ڕۆژی جەژندا 15 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە، هەشت ڕووداویان لەناو شاری سلێمانیدا بووە حەوت ڕووداویش لەدەرەوەی شاردا بووە، شانزەدە کەسیش بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ برینداربوون و بەشێکی زۆری ئه و بریندارانە برینەکانیان سەخت نەبووە، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شۆفێران پابەندن بە ڕێنماییەکانەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: بە بەرارود لەگەڵ جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکان کەمی کردووە لەساڵی پاردا کۆی گشتی ڕووداوەکان 20 ڕووداوی هاتوچۆ بووە 30 کەس بیرنداربون، چوار کەسیش گیانی لەدەستدا.
ناوبرا هۆکاری کەم بوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئه و پلانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دایناوە دەشڵێت، کامێرا جێگیر و گەڕۆکەکانیش کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە هەشت مانگی ڕابردوودا کۆی گشتی ڕووداوەکانی هاتوچۆ 709 ڕووداو بووە، 385 بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە کامێرا گەڕۆکەکان هەزار و 200 سەرپێچیان تۆمارکردووە، بەڵام کامێرا جێگیرەکان ئامارەکانی دەرنەهاتوون و 40 ئۆتۆمبێلیش دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆکاری جیاواز و بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خواردنەوەی مەی.
سەبارەت بەجیاوازی تابلۆی ئه و ئۆتۆمبێلانەی کەلە کامێراکانی چاودێریدا دەردەکەون جیاوازیان هەیە ئه و وتی: "هەموو تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل کەلە کامێراکاندا تۆمار دەکرێت جیاوازی نیە، ئەگەر ئه و ئۆتۆمبێلە لە ناوچەکانی خوارو و ناوەڕاستی عیراقیشووە هاتبێت".
لای خۆیەوە فازل حاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە خەندانی ڕاگەیاند: لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربان لەناو شاری هەولێرو دەوروبەری شەش ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە، لەوانە پێنجیان پێکدادان و یەکێکی تریان وەرگەڕان بووە.
فازل حاجی وتیشی: "لە ئەنجامی ئه و شەش ڕووداوە شەش کەس برینداربووە و هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە، چوار له و ڕووداوەکانەش لەدەرەوەی شار و دوو کەی تر لەناو شار بووە".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی ڕاگەیاند: ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژنی قوربان بەراورد بەرۆژانی ئاسایی کەمتربووە، بەڵام پێچەوانەوە سەرپێچیەکانی تیژ لێخوڕین لە لایەن شۆفێرانەوە زیادیکردووە، بەجۆرێک تەنها لەماوەی ئه و چوار ڕۆژە زیاتر لە حەوت هەزار و 700 سەرپێچی لە سنووری هەولێر تۆمارکراوە.
- 08-10-2014